ئامادەکارییە ئەمنییەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵ تاووتوێ کران
لە چوارچێوەی سەردانیان بۆ هەرێمی کوردستان ڕۆژی سێشەممە ٢١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، شاندێکی باڵای ئەمنیی حکومەتی فیدراڵ و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی فیدراڵ، سەردانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد.
وەفدی حکومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی فەریقی یەکەمی ڕوکن قەیس خەلەف، جێگری سەرۆکی کردە هاوبەشەکان و سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنیی فیدراڵی بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، فەریقی ڕوکن هادی ڕزیج کسار، وەکیلی وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاروباری پۆلیس و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی پلە باڵای وەزارەتی ناوخۆ و شاندێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی فیدراڵ. لەلایەن ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، د. هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و لیوای مافپەروەر تارق ئەحمەد ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، لیوا یادگار ئەنوەر فەرج بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانی، بەڕێوەبەرانی پۆلیسی پارێزگەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی و بەرپرسی نووسینگەی کوردستانی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ژمارەیەکی دیکەی بەرپرسان پێشوازی کران.
ئامانجی کۆبوونەوەکە بەدواداچوونی ئامادەکارییە ئەمنییەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و پێداویستییەکان و هەماهەنگیی ئەمنی نێوان هەر دوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو. شاندی میوان خۆشحاڵ بوون بە ئامادەکاریی تەواو و سەقامگیریی ئەمنیی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەچوونی ئامادەکارییەکان بە باشترین شێوە.