Skip to the content

لەسەر دۆسیەکانی تایبەت بە کۆچ یاداشتێکی لێک تێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی ناوخۆ و ئاژانسی GIZـی ئەڵمانی واژۆ کرا

ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەلبرێخت ڤۆن، کونسولی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، مەراسیمی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان سەر بە وەزارەتی ناوخۆ JCC و ئاژانسی پەرەپێدانی ئەڵمانیا GIZ بەڕێوەچوو.

ناوەرۆکی یاداشتەکە لەلایەن سروە ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان JCC و د. ئاکسێل کلافاکە، بەڕێوەبەری ئاژانسی پەرەپێدانی ئەڵمانیا GIZ لە هەرێمی کوردستانەوە واژۆ کرا.

شایەنی باسە ئەو هاوبەشییە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەرەوپێشبردنی سیستەمی دامەزراوەییی کۆچ لە هەرێمی کوردستان و هێنانی ئەزموونە نێودەوڵەتییەکان و بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییەکانە، لەمیانەی سەنتەری ڕاوێژکاریی کۆچ و سیستەمی ڕەوانەکردنی نیشتمانی، لەو هاوبەشیەدا.

ئاژانسی پەرەپێدانی ئەڵمانی GIZ بە هاوبەشی لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان JCC کاردەکەن بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لەسەر مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی و نیشاندانی دەرفەتە یاساییەکانی کۆچ لە وڵاتی ئەڵمانیا، هەروەها هاوکاریکردنی گەڕاوەکان لە سیستەمی ڕەوانەکردنی نیشتمانی و بەستنەوەیان بە بازاڕی کار.

لەلایەکی تریش لە جێبەجێکردنی ئەو هاوبەشییە هەرێمی کوردستان سوود لە ئەزموونی وڵاتی ئەڵمانیا وەردەگرێت و کار لەسەر پڕۆگرامەکانی بەرزکردنەوەی تواناکان و پەرەپێدانی دامەزراوەیی و ڕاوێژکاری و چەندان بابەتی تر لەخۆدەگرێت.