Skip to the content

وەزیری ناوخۆ لە دیداری کۆچ: هاووڵاتی بووەتە سەنتەری سەرجەم پڕۆژە و کارەکانی حکومەت

ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لەژێر چاودێری و بە ئامادەبوونی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەمین دیداری پەیماننامەی جیهانیی کۆچ لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.
لە دیدارەکەدا، وەزیری ناوخۆ گوتارێکی پێشکەش کرد، ئەمە دەقەکەیەتی؛

بەڕێز سەرۆکی نێردەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ لە عێراق
بەڕێزان وەزیر و بریکار و پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان
دیبلۆمات و نوێنەری نێردە دیبلۆماسییەکان
میوانانی بەڕێز

بەیانیتان باش

ئەم دیدارە بۆنەیەکی گرنگە کە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی هاوبەشمانە بۆ پێشخستنی حوکمڕانیی کۆچ لە ڕێگەی هاوبەشی و گفتوگۆ. لە ڕێگەی ئەم دیدارەوە دووپاتی دەکەینەوە کۆچ تەنها کێشەی ناوچەیی یان نیشتمانی نییە بەڵکوو بەرپرسیارێتییەکی جیهانییە، پێویستی بە ڕێبازێکی گشتگیری حکومەت و تێگەیشتنی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی هەیە.

کۆچ دیاردەیەکی جیهانییە و هەمیشە بەشێک بووە لە بوون و مانەوەی مرۆڤ لە سەر زەوی. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە هۆی نائۆقرەیی بەردەوام و کێشە سیاسییەکان، خەڵکی ئەو ناوچەیە هەمیشە ناچار کراون نیشتمانی خۆیان بەجێ بهێڵن یان بیر لە بەجێهێشتن بکەنەوە. لێکەوتەکانی نائۆقرەیی سیاسی و نەبوونی فۆرمی دروستی حوکمڕانی کە نوێنەرایەتیی خواستی هاووڵاتییان بکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەلی کوردی بە تایبەت لەم ناوچەیە کردووەتە قوربانی و بەو هۆیەوە هەمیشە ناچارکراوە نیشتمانی خۆی بەجێ بێڵێ.
لە مێژووی سەت ساڵی ڕابردووی کوردستاندا، ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق دەستیان نەپاراست لە ئاوارەکردن و ناچارکردنی میللەتی ئێمە کە وڵاتی خۆیان بەجێ بێڵن، ئەمەش تەنها لەبەر ئەوەی خەڵکی کوردستان بۆ ئازادی و سەربەستی تێکۆشاوە.
لەدوای ڕاپەڕین و بونیادنانی ئەزموونی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان، دیسان بەهۆی دوو ئابڵوقەی ئابووری و فشارەکانی ڕژێمی بەعس هەتا ڕووخانی لە ٢٠٠٣، میللەتی ئێمە ناچاربوون بەردەوامی بە کۆچ و گەڕان بە دوای نەوایەکی ئارامتر بدەن. لە ناوچە سنوورییەکان بەهۆی ململانێ و پێکدادانی چەکداری بەردەوام و ناوچە کوردستانییەکانی سنووری ماددەی ١٤٠، بە هۆی گروپە چەکدارەکان و و نەبوونی سەقامگیری و دەرفەتەکانی کار، بەشێک لە خەڵکی ئەو ناوچانە ناچار بوون کۆچ بکەن.
بەڵام کاتێک لە دوای کەوتنی رژێمی بەعس و نوسینەوەی دەستووری نوێی عێراق و ناردنی بەشە بوجەی هەرێمی کوردستان لە داهاتی نیشتیمانی فیدراڵ، زەمینەی گەشەی ئابووری و بوژانەوە لە کوردستان دێتە ئارا، تا هێرشی داعش و بڕینی بەشە بودجەی کوردستان لە ٢٠١٤، شەپۆڵێکی پێچەوانەی کۆچ و گەڕانەوە بۆ نیشتیمان لە وڵاتانی ئەوروپا و رۆژئاوا بۆ کوردستان دەستی پێکرد و هەزاران خاوەن بڕوانامە و خانەوادە گەڕانەوە و بەشداریان لە پێشخستنی وڵاتی خۆیاندا کرد. لە کاتی شەڕی داعشدا هەزاران لاو و پێشمەرگەی دێرین لە ئەوروپا گەڕانەوە و چوونە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ بەرگریکردنی لە نیشتیمانی خۆیان.
ئەمە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە سەرەڕای ئەوەی کۆچ و گەڕان بەدوای شوێنی باشتری ژیان یەکێکە لە مافە بنەڕەییەکانی مرۆڤ، هاووڵاتیانی کوردستان لە ناچاریدا وڵاتی خۆیان بەجێ هێشتووە. کە دەرفەتی گونجاوی گەڕانەوە هەبوو بێ، کەس دوو دڵ نەبووە لەوەی ئێرە هەڵبژێرێ و بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە هەوڵەکانی ئاوەدانی.
بە هۆی شەڕی داعش و بەردەوامی لێکەوتەکانی لەسەر خەڵکی ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠، وەکو هەبوونی گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا و میلیشیاکان، تا ئێستاش شەپۆلی کۆچی هاووڵاتیان بەردەوامە و ئەوانەی ئاوارەش بوون و لە کەمپەکان لە چاوەڕوانی دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕیشەیین، ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بەردەوام بێت و چارەسەر نەکرێت، مەترسی ئەوەی هەیە ئەوانیش بژاردەی کۆچکردن هەڵبژێرن.
بۆیە پێویستە و داوا دەکەین کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دۆستان پشتگیری زیاتر لە هەوڵەکانی حکومەتی کوردستان بکەن بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان و بە ئارامی هێشتنەوەی هەرێم و پارێزگاری لە کیانی دەستووری و دامەزراوە یاساییەکانمان، چونکە ئەمە زەمانەتی کەمکردنەوەی دیاردەی کۆچی نائاسایی هاووڵاتیانمانە بۆ رۆژئاوا.
لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بە پێشڕەوایەتی و ئیرادەی بەهێزی جەنابی سەرۆک وەزیران کاک مەسرور بارزانی، هەوڵی جدیمانداوە بۆ ئەوەی هاووڵاتی سەنتەری هەموو پڕۆژە و کارەکانی حکومەت بێت. سەرەڕای ئەو قەیرانە زۆرانەی کە بۆ ئەم کابینەیە دروست کران، لە ڕێی پەرەپێدانی ژێرخان و پڕۆژەی ستراتیژییەوە، بە هەماهەنگی و بەشداری کارای کەرتی تایبەت، هەوڵمانداوە پەیوەندی نێوان هاووڵاتی و نیشتیمان بەهێزتر بکەین.
ئەمڕۆ لەم دیدارەدا زانیاری پێویستتان پێ دەدرێت کە تەنها لە کەرتی کشتوکاڵ و پڕۆژە کشتوکاڵییەکاندا چەند هەزار دەرفەتی نوێی کار دروستکراون و چۆن پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت بە پاڵپشتی حکومەت توانیوویانە کوردستان لە وڵاتێکی پشتبەستوو بە بەرهەمی دەرەکی، بکەنە وڵاتێکی بەرهەمهێن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە چاکسازیکردن و هەندێ بڕیاری کارگێڕی، توانیویەتی هەزاران دەرفەتی کار لە ناوخۆ دروست بکات و خاوەن پڕۆژە و کۆمپانیا گەورەکانی کەرتی تایبەت ٧٥٪ی دەرفەتەکانی کاریان دەدەنە کرێکاری خۆماڵی و تەنها ٢٥٪ی کرێکاری بیانی دەخەنە سەر کار. لە وەزارەتی ناوخۆ بە توندی پەیڕەوی بڕیاری ١٧٢ی ئەنجومەنی وەزیران دەکەین و لە دۆخی زۆر تایبەت نەبێت، فیزەی هێنانی دەستی کاری بیانی نادەین.
بە هەماهەنگی لە گەڵ دۆستان لە وڵاتان و دامەزراوە و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان، پەرەپێدانی تواناکانی لاوان و دەرچووانی زانکۆکان دەستی پێکردووە بۆ ئەوەی بۆ بازاڕی کاری ناوخۆیی ئامادە بکرێن. لەمبارەیەوە سەنتەرەکانی ڕاهێنان و پەرەپێدانی پیشەیی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و لە زانکۆکان و سەنتەرەکانی ڕاوێژکاری کۆچ لە پارێزگاکان دەستیان کردووە بە بەرزکردنەوەی توانای قوتابیانی زانکۆ و دەرچووان.
لە کابینەی نۆیەمدا بابەتی کۆچ و کۆچبەران بایەخی گەورەی پێدراوە. لە سەر ئاستی ناوخۆدا، سەرەڕای قەیرانی ئابوری لە هەرێمی کوردستان بە هۆی ڕاگرتنی بەشە بودجەی کوردستان و تێچووەکانی شەڕی داعش، هەرێمی کوردستان بووە لانکەی حەوانەوەی زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی و پەناخوازی سووری. دامەزراوە پەیوەنددارەکان لە حکومەتی فیدراڵ ئەرکی خۆیان لە دابینکردنی خەرجی کەمپەکان و دابینکردنی سەقامگیری بۆ زێدی ئاوارەکان جێبەجێ نەکردووە.
دەربارەی کەمکردنەوەی کۆچی هاووڵاتیانی کوردستان بۆ رۆژئاوا، لەگەڵ وڵاتانی دۆست پەیوەندییەکانمان پێشخستووە بۆ ئەوەی بە پڕۆژەی هاوبەش کار بکەین بۆ زیادکردنی دەرفەتەکانی کار بۆ گەنجان لە کوردستان، هۆشیارکردنەوە لە مەترسییەکانی کۆچی نائاسایی و زەحمەتی وەرگرتنی مافی پەنابەری. لەمبارەیەوە دەستمان کردووە بە دامەزراندنی سەنتەرەکانی ڕاوێژکاری کۆچ MRC لە پارێزگا و ئیدارەسەربەخۆکان کە تیمەکانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان بەڕێوەی دەبەن و چەندین پڕۆگرامی گرنگ بۆ هۆشیاری و بەرزکردنەوەی تواناکانی گەنجان پێشکەش دەکەن.
سوپاسی وڵاتانی رۆژئاوا دەکەین کە چەندین ساڵە هاووڵاتیانی ئێمە دەحەوێننەوە و لە نەهامەتییەکاندا داڵدەیان داون. داوا لە هاووڵاتیانی خۆمان لەو وڵاتانە دەکەین کە ڕێزی کولتور و یاسا و ڕێساکان بگرن و ببنە نمونەی پابەند بوون بە یاساکان. داوا لە وڵاتانی دۆست دەکەین کە رەچاوی دۆخی هەرێمی کوردستان بکەن و هاووڵاتیانمان، ئەوانەی مافی مانەوەیان نیە، بە ناچاری ڕەوانە نەکەنەوە و ڕێگای گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان بۆ بکەنەوە.
بۆ ئەوانەی کە دەگەڕێنەوە نیشتیمان، لە ساڵی ٢٠٢٣ ەوە، وەزارەتی ناوخۆ لە ڕێی سیستمەکانی ڕەوانەکردنی نیشتیمانی NRM کە سیستەمێکی جیهانی پێشکەوتووە و لە زیاتر لە ١٢٧ وڵات لە جیهان کاری پێدەکرێت، چەندین جۆر خزمەتگوزاری تێکەڵبوونەوەیان لەگەڵ کۆمەڵگە پێشکەش دەکەن. بۆ کەسێک کە مافی مانەوە و ژیانکردنی لە وڵاتێکی دیکە پێ نەدرابێت و ئایندەی مانەوەی نەبێت، هیچ کات درەنگ نیە لە نیشتیمانی خۆی دەست پێ بکاتەوە. ئەمڕۆ لەم دیدارەدا چەند چیڕۆکێکی گەڕانەوە و دەست پێکردنەوە دەبیستن.
بۆ بەهێزکردنی ستراتیژی حوکمڕانی کۆچ لە هەرێمی کوردستان، لە ئایاری ٢٠٢٥، یەکەم هەڵسەنگاندنی نیشاندەرەکانی حوکمڕانی کۆچ MGI مان بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ IOM بەسەرکەوتوویی ئەنجامدا ، کە بووە بناغە بۆ ئەنجامدانی ئەو دیدارە.
داوا لە لاوانی کوردستان دەکەم:
ڕێگای کۆچی نائاسایی و نایاسایی مەگرنە بەر چونکە مەترسی زۆر لە ڕێگایەدا هەیە و لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەیان گەنجمان لەو ڕێگا سەختانە لەدەست داوە. لە بری کۆچکردنی نائاسایی، پەرە بە تواناکانی خۆتان بدەن و بەشداری لە پێشخستنی کوردستان بکەن.
هەروەها داوا لە کۆمپانیا و خاوەن پڕۆژە و سەرمایەدارەکان و کەرتی تایبەت بە گشتی دەکەم کە دەرفەتی زیاتر بۆ گەنجان دروست بکەن و لە پاڵ کاردا پەروەردەی پیشەیی و دیسپلینی کاریان فێر بکەن.
پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاوڕێکی جددی لە دۆزی ڕەوای کورد و کوردستان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بداتەوە. حکومەتی فیدراڵ پابەند بێت بە جێبەجێکردنی دەقەکانی دەستوور و بنەماکانی شەراکەت و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
لە کۆتاییدا دووپاتیدەکەینەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە کارکردنی هاوبەش لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و کەرتی تایبەت. پێکەوە دەتوانین ئایندەیەک بنیات بنێین کە کۆچ نەک تەنها لەسەر بنەمای پێویستی بەڵکو لەسەر بنەمای هەڵبژاردن و دەرفەت بەڕێوەبچێت.
هەروەها بە پێویستیشی دەزانم سوپاسێکی بێ پایانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان بکەم لەبەڕێوەبەر و کارمەند وخۆبەخش هەموو نوێنەری وەزارەت و لایەنە پەیوەدیدارەکانی ئەنجومەنی باڵای ناوەند و لە ژوورەکانی ئۆپەراسیۆن لە ئاستی پارێزگاکان لە پڕۆژەکانی کە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ دەکرێت لەخۆ بردووانە کاریان کردووە شەونخوونیان کردووە ئێمەش بەردەوام دەبین لە پشتگیری کردنی هەموو ئەو کارە باشانە و هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو لایەک دەخوازم.

هەر شاد و سەرکەوتوو بن.