Skip to the content

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانه‌وه‌

هاونیشتیمانیانی ئازیز ئاگادار دەکەینەوە کە ماوەیەکە دەنگۆی ناڕاست بڵاو دەکرێتەوە کە حکومەتی فیدراڵ/وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران قەرەبووی ئەو هاووڵاتیيانە دەکاتەوە کە بە هۆی سیاسەتەکانی ڕژێمی بەعس بە تایبەت لە دوای ڕێکەوتنامەی شوومی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥ ئاوارەی وڵاتانی ئێران، تورکیا و سووریا بوون و لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلەکەمان لە ١٩٩١ گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.

لێرەوە بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیێنین، کە سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان/ وەزارەتی ناوخۆ هەوڵی زۆری داوە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، حکومەتی فیدراڵ بەرپرسیارێتیی خۆی بەرانبەر بەو خانەوادە بەڕێزانە جێبەجێ بکات، تا نووسینی ئەم ڕوونکردنەوەیە هیچ وەڵامێکی فەرمی لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵی پێمان نەدراوە و کۆی ئەو هەواڵانەی لە ئێستادا بڵاو دەکرێنەوە دوورن لە ڕاستی.
بۆیە ئاگاداری هاونیشتمانیانی ئازیز دەکەینەوە کە نەکەونە بەر لێشاوی پڕووپاگەندەی هەڵبژاردن بۆ بەرژەوەندیی چەند کەس و لایەنێک. دڵنیاتان دەکەین حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەرک و بەرپرسیارەتیی خۆی هەڵدەستێ و تا بەدەستهێنانی مافەکانتان بە تایبەت مافی قەرەبووکردنەوەی ئاوارە گەڕاوەکان بۆ نیشتمان، بەردەوام دەبێت و هەر زانیاری و هەنگاوێکی فەرمی هەبێت، لە سەرچاوەی فەرمییەوە پێتان ڕادەگەیەندرێت.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥