یەکەمین دیداری پەیماننامەی جیهانیی کۆچ لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو

ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لەژێر چاودێری و بە ئامادەبوونی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەمین دیداری پەیماننامەی جیهانیی کۆچ لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.
دیدارەکە کاری هاوبەشی نێوان ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC)ـی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM)ـی سەر بە ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بوو، تێییدا گفتوگۆ کرا لەبارەی ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئەزموونەکان لەنێوان دامەزراوە حکومییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و کەرتی تایبەت و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان.
هاوکات دیدارەکە تیشکی خستە سەر ڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی کاریگەر و چالاک لە پێشخستنی حوکمڕانیی کۆچی سەلامەت و ڕێکخراو و ئاسایی و یاسایی.
یەکەمین دیداری پەیماننامەی کۆچ لە هەولێر یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئامادەکارییەکانی دیداری نێودەوڵەتیی پێداچوونەوەی کۆچ کە بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٦دا ئەنجام بدرێت.