Skip to the content

شاندێکی سەنتەری تەکنەلۆجیا و ڕاهێنانی ئەوروپی سەردانی وەزارەتی ناوخۆی کرد

ڕۆژی سێشەممە ١٤ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ پێشوازی لە دێرک جانکۆڤسکی و کارین کۆچەر، هاوسەرۆکانی سەنتەری تەکنەلۆجیا و ڕاهێنانی ئەوروپایی (ETTC) و تیمێکی باڵای سەنتەری ناوبراو کرد.

لە دیدارەکەدا هێمن میرانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، سوپاس و پێزانینی وەزارەتی ناوخۆی بە سەنتەری ناوبراو گەیاند لە بەرانبەر ئەنجامدانی کار و چالاکییەکانییان و خولی ڕاهێنان لە بوارە جیاوازەکان بۆ فەرمانبەران و ئەفسەران و کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ، بە مەبەستی بەرزکردنەوە و پێشخستنی تواناکانیان، هەروەها پڕۆژەکانی دیکەیان لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان و دامەزراوەی دیکەی وەزارەت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی لە بەرانبەر کارکردن لە هەرێمی کوردستان و هەبوونی هەماهەنگیی تەواو لەنێوان سەنتەرەکەیان و دامودەزگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکات پێزانینیشیان هەبوو بۆ ئەم پێشکەوتنە فراوانەی هەرێمی کوردستان لە سەرجەم بوارەکاندا بەخۆیەوەی بینیوە.

شاندەکە خوازیاری ئەوەبوون کە هەماهەنگی و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ زیاتر فراوان بکەن بۆ ئەنجامدانی خول و ڕاهێنانی زیاتر بۆ فەرمانبەران و ئەفسەران و کارمەندانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی دیکە لەسەر داوای وەزارەت و دامەزراوەکانمان.