پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هەرێمی "بادن فورتمبرگ"ی فیدراڵيی ئەڵمانیا تاووتوێکران
ئهمڕۆ يهكشهممه 19ى تشرينى يهكهمى 2025، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی باڵای هەرێمی (بادن فورتمبرگ) له کۆماری فیدراڵيی ئەڵمانیا كرد، بە سەرۆکایەتيى فلۆريان هاسلهر، وەزیری دەوڵەت و بە یاوەری کونسولی گشتيی ئەڵمانیا لە هەولێر.
لە دیدارەکەدا وەزیری ناوخۆ سوپاس و پێزانینی خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستانی پێشکەش بە شاندی میوان کرد، بۆ پەیوەنديی دێرین و هاوکاريی بەردەوامی کۆماری فیدراڵيی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان.
هەروەها پوختەیەکی لهبارەی دۆخی سیاسيی ناوخۆی عێراق و پەرەسەندنەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست خستە روو. باسی لە خۆڕاگريی هاووڵاتیيانی هەرێمی کوردستان کرد، لە بەرانبەر دۆخی زەحمەتی ئابووری، کە بە هۆی خەرجنەکردنی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانهوه هاتووهتە کایەوە.
ڕێبهر ئهحمهد هەروەها باسی لەو پرۆژە ستراتیجيیانە کرد، کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتيی مەسرور بارزانی، سەرەڕای قەیرانەکان، توانیویەتی جێبەجێیان بکات، بە تایبەت لە بواری چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا، ئاوی خواردنەوە، بەرەوپێشبردنی ڕێگهوبان، ئیدارەکردنی ئاوارە و پەنابەران، ئیدارەکردنی دۆسیەی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا لە ڕێی دروستکردنی چەندین پۆند و بەنداو. هەروەها باس لە پەرەپێدانی بوارەکانی گەشتوگوزار و کشتوکاڵ کرا وەکوو سەرچاوەی دیکەی داهات و دەرفەتەکانی کار.
شاندی میوان ستایشی پەیوەندی نێوان هەردوو هەرێمیان کرد و باسیان لە پرۆژەیەکی هەرێمەکەیان کرد بۆ پێشکەشکردنی چارەسەر بۆ کچ و ژنانى ئێزیديی قوربانيی داعش و چەند پرۆژەیەکی دیکە، کە لە پارێزگهی دهۆک جێبەجێ دەکرێن. هەروەها ستایشی دۆخی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و ئايينزايى لە هەرێمی کوردستان کرد، کە وەکوو خاڵێکی زێڕینی دۆخی کوردستان دەژمێردرێت.
شاندى ميوان ئامادەیيی خۆیان پێشان دا تاوتووێی دەرفەتەکانی سەرمایەگوزاری و پێکەوەکارکردن بکەن لە بوارەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار. ههروهها شاندهكه بە فەرمی بانگهێشتى وەزیری ناوخۆیان کرد، تاكوو سەردانی هەرێمەکەیان بکات و لەنزیکەوە ئاشنا بێت بە بارودۆخی ئەوان. ئامادەییشيان پێشان دا کە لەمەولا لایەنە پەیوەنددارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێشانگهکانی کار، بازرگانی، پیشەسازی، گەشتوگوزار و کشتوکاڵ بانگهێشتى هەرێمەکەیان بکەن.