Skip to the content

ڕیفۆرم لە پۆلیسی کوردستان دەکرێت

دوای نیوەڕۆی چوارشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، پێشوازی لە یەکێک لەو ليژنانە كرد، کە بۆ پێداچوونەوە بە ئەرک و پەیکەر و شێوازی مامەڵە و ڕاهێنان و پەرەپێدانی توانای جەستەیی و هزری پۆلیسی کوردستان ڕاسپێردراون.

وەزیری ناوخۆ لە سەرەتای کۆبوونەوە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ ئەو دیدارە و پوختەیەکی لەسەر دونیابینی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتيی مه‌سرور بارزانی، بۆ شێوازی مامەڵەکردنی حکومەت بە دامەزراوە و فەرمانبەرەکانی لەگەڵ هاووڵاتیيان خستەڕوو کە بریتییە لە پەیڕەوکردنی میتۆدی بەسەنتەرکردنی هاووڵاتی لە خزمەتگوزارییەکان. هەروەها باسی لە پێویستيی پێداچوونەوەی جددی بە کەرتی پۆلیس کرد بە هەموو ئەرک و سێکتەر و بەرنامەکانەوە، بە جۆرێک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم و تێڕوانین و چاوەڕوانيی هاووڵاتیيانی کوردستان بگونجێت.

بۆ ئەم مەبەستە ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی پۆلیس هاوشان لەگەڵ ليژنەیەکی دیکەی باڵا، کە بۆ ئەرکی ئامادەکردن و نووسینەوەی ڕێبەری کاری پۆلیسی لە کوردستان پێکهاتووە، بۆ ئەو ئەرکە ڕاسپێردراون.

وەزیری ناوخۆ ليژنەی ڕاسپارد کە بیرۆکە و وردەکاريی ئەو پرۆژەیە لەگەڵ کارمەند و ئەفسەران، لەسەر ئاستی کوردستان لە ڕێی ئەنجامدانی کۆبوونەوە و وۆرکشۆپ بەش بکرێت و سەرنج و بۆچوونەکانیان بۆ دەوڵەمەندکردنی بەهەند وەربگیرێن. هەروەها سوود لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو بە گونجاندنی لەگەڵ سروشت و ژینگەی کۆمەڵگەی کوردستان و پاڵپشتيی ئاژانس و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان وەربگیرێت.

لە لایەکی دیکەوه‌ ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د جەختی لە پێویستيی ئامادەکردن و ڕاهێنانی بەردەوامی جەستەیی و هزری بۆ کارمەندان و ئەفسەران کرد و ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن، بەڕێوەبەرایەتییەکانی مەشق و شیاندن، بەڕێوەبەرایەتی و بەشەکانی ئاراستەکردن و ڕابەریکردنی مەعنەوی و بەڕێوەبەرایەتيی پۆلیسی کۆمەڵگەیی ڕاسپارد بۆ ڕێکخستنی خول و ڕاهێنانی بەردەوام. پێداچوونەوە بە پەیکەری گشتيی پۆلیس، ئەرکەکان، بنکەکانی پۆلیس وەکوو یەکەی بنەڕەتيی کاری پۆلیس، سوودوەرگرتن لە تەکنۆلۆجیای مۆدێرن بۆ ئاسانکردنی ئەرکەکان، پەروەردەکردنی سەرکردە و دابەشکردن و شۆڕکردنەوەی ئەرکەکان و چەندین تەوەری دیکە بە وردی گفتوگۆیان لەسەر کرا.