ڕێبەری سەلامەتی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا

ڕۆژى چوارشەممە ١ـی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥، بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.
لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەدا ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، ڕاپۆرتێکی لەبارەی (ڕێبەری سەلامەتی) پێشکەش کرد، ئامانجی ئەم ڕێبەرە پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانه و لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوه ئامادە کراوە.
ڕێبەری سەلامەتی؛ بریتییە لە کۆمەڵێک پێوەر و ڕێنمایی کە بە مەبەستی پاراستنی ژیان و سامانی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت و پارێزراو لە کۆمەڵگەدا دانراون و بەپێی ئەم ڕێبەرە پێویستە لە دروستکردنی باڵەخانە و کارگە و پڕۆژەی گەورە و بچووک پێویستە ڕەچاوی مەرجەکانی سەلامەتی بکرێت.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە تیمی ئامادەکاری ڕێبەری سەلامەتی و کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ، ڕێبەری سەلامەتی بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرد و دەسەڵاتيشی بە وەزیری ناوخۆ دا بۆ دەرکردنی ڕێنماییی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی ڕێبەری سەلامەتی.