Skip to the content

بەرەوپێشبردنی سیستەمی دامەزراوەیيی کۆچ لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەوپێشبردنی سیستەمی دامەزراوەیيی کۆچ لە هەرێمی کوردستان و هێنانی ئەزموونە نێودەوڵەتییەکان لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ۲۲ـی ئەیلوولی ٢٠٢٥، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگيی قەیرانەکان بەفەرمی ڕێکارەکانی دامەزراندنی سیستەمی ڕەوانەکردنی نیشتمانی لە پارێزگای دهۆك دەستپێکرد.

جێگه‌ی باسە سیستەمی ڕەوانەکردنی نیشتمانی، یەکێکە لە پڕۆژە نێودەوڵەتییە گرینگەکان، کە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمجار هێندرایە هەرێمی کوردستان، بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکان، تایبەت به مافی پەناخوازان لە جیهان و بۆ هاوکاریکردنی گەڕاوەکان لە زووتێکەڵبوونەوە لەگەڵ کۆمەڵگە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاريی گونجاو.

دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگيی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆ، سیستەمەکەی لە هەردوو پارێزگه‌ی هەولێر و سلێمانی دامەزراند، ئەمڕۆ ڕێکارەکان لە پارێزگه‌ی دهۆك بە ئامادەبوونی ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆك، ئیسماعیل محه‌مه‌د، قائیمقامی پارێزگای دهۆك و پیردەیان جەعفەر، بەڕێوبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای دهۆك، تەواوی فەرمانگە و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و هەر یەك لە ڕێکخراو و ئاژانسەکانی GIZ و ETTC و ڕوانگە و Kurdistan Foundation و IOM دەستیپێکرد، کە تێیدا ناساندنی سیستەمی ڕەوانەکردنی نیشتمانی و ئاشناکردنی نوێنەرانی فەرمانگە و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بوو، بۆ چۆنیيەتيی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لە چوارچێوەی سیستەمەکە.

شایەنی باسە سیستەمەکە بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ IOM دامەزراوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگيی قەیرانەکان سیستەمەکە لە تەواوی پارێزگه‌ و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دادەمەزرێنێت، تاوەکوو ئێستا ۹۰۰ گەڕاوە لە چوارچێوەی سیستەمەکە لە خزمەتگوزارییەکان سوودمەندبوون، کە خزمەتگوزاريی جۆراوجۆر لە خۆدەگرێت و هەنگاوەکانیش بۆ بەرەوپێشبردن و فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکانی سیستەمەکە بەردەوامن.