Skip to the content

وەزیری ناوخۆی هەرێم لە ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکیی کلدانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی دایاسپۆرای کلدانی و کورد کۆ بووەوە

ڕۆژی یەکشەممە، 15ی شوباتی 2026، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە یەکەمین سەردانی فەرمیدا بۆ شاری دیترۆیت لە ویلایەتی مەشیگان لە ئەمریكا، چەند دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ کەسایەتی و خاوەنکار و بازرگانی و ئەندامانی دایاسپۆرای کلدانی و کورد ئەنجام دا.
لە یەکەم سەردانی فەرمیدا بۆ شارەکە، وەزیری ناوخۆ لەگەڵ مارتن مەننا، سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکی-کلدانی و ژمارەیەک لە بازرگان و خاوەنکاران کۆ بووەوە. لە دیدارەکەدا، ڕێبەر ئەحمەد، دووپاتی پشتگیرییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردەوە بۆ پێکهاتە ئایینی و نەتەوە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان و لە دایاسپۆرا.
جەختیشی كردەوە، حکومەتی هەرێم بەردەوام پشتگیری کردووە و شانازی دەکات بە پێکەوەژیانی ئاشتیانە و خۆشگوزەرانیی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەجیاوازەکان.
هەر لە سەردانەکەیدا، وەزیری ناوخۆ، بەشە جیاوازەکانی "بارەگای سەرەکیی دامەزراوەی کلدانی" بەسەر کردەوە و ڕۆڵی کارای دامەزراوەکەی لە خزمەتکردنی کۆمەڵگە بەرز نرخاند.
هاوکات لە دیدارێکی دیکەدا لەگەڵ سام یۆنۆ و ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕەوەندی کلدانی و کورد، وەزیری ناوخۆ دووپاتی لە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە، بۆ لەنزیکەوە کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگای دایاسپۆرا و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان، هاوکات گوتی پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکەین، بۆ زیاتر قووڵکردنەوە و بەهێزکردنی تێگەیشتن و هەماهەنگییەکان لەگەڵ کەسایەتی و ئەندامان و خاوەنکار و بازرگانان لە دایاسپۆرا.