حکومەتی هەرێمی کوردستان 97 گەنجی دیکەی لە وڵاتی لیبیاوە گەڕاندەوە
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان، لێژنەیەکی باڵا و هاوبەش لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگییەکی چڕ و ورد لەگەڵ باڵیۆزخانەی کۆماری عێراقی فیدراڵ لە وڵاتی لیبیا، دوای کارکردنێکی زۆر و بەدواداچوونی ورد، سەرکەوتوو بوون لە گەڕاندنەوەی کاروانێکی دیکەی کۆچبەران.
رۆژی شەممە ڕێکەوتی 24ی کانوونی دووەمی 2026، کاروانی شەشەمی ئەو گەنجانەی هەرێمی کوردستان کە لە وڵاتی لیبیا لە کاتی هەوڵدانیان بۆ کۆچی نایاسایی بەرەو وڵاتانی رۆژئاوا دەستگیرکرابوون، بە سەلامەتی گەڕێندرانەوە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان. ژمارەی ئەو گەنجانەی لەم کاروانەدا گەیشتنەوە باوەشی نیشتمان پێکهاتبوون لە 97 گەنج، کە بەپێی ئامارەکان زۆرینەیان دانیشتووی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن. جێگەی ئاماژەیە کە دوێنێش 100 هاونیشتیمانی تر بەسەلامەتی گەیێنرانەوە خاکی هەرێمی کوردستان و ڕادەستی خێزانەکانیان کرانەوە لەدەڤەری پشدەر.
حکومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە جەخت لەسەر پێویستی و گرنگی خۆپارێزی گەنجان و خانەوادەکانیان دەکاتەوە لە گرتنەبەری رێگەی کۆچی نایاسایی و نائاسایی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا. ئەم جۆرە کۆچە نەک هەر مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی پێشێلکاری یاسایی وڵاتانی دیکە و لێپرسینەوەی توندی یاسایی بەدوادا دێت؛ هاوشێوەی ئەو بارودۆخە سەختەی رووبەرووی ئەم گەنجانە بووەوە، کە هەندێکیان بۆ ماوەی 8 مانگ لە بەندینخانەکاندا بوون و لەو ماوەیەدا بە بەردەوامی رووبەڕووی مەترسییەکانی مردن بوونەتەوە.
تاوەکو ئەمڕۆ، حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی 299 کۆچبەری نایاسایی لە بارودۆخە جیاوازەکان ڕزگار بکات و بیانگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان. لە ئێستاشدا تیمێکی تایبەتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ناو خاکی لیبیان و بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ ڕزگارکردن و هێنانەوەی ئەو کۆچبەرە کوردانەی تری کە هێشتا لەوێ ماون و بارودۆخی ژیان و تەندروستییان لە مەترسیدایە.