خزمەتگوزاریی سزاکانی هاتوچۆ بە ئەلیکترۆنی کرا
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکانی، خزمەتگوزاری بینینی سزاکانی هاتوچۆی سەر ئۆتۆمبێلەکەت لە ئەپڵیکەیشنی KRDPass ببینە.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو هەنگاوی یەکەم هەموو ئۆتۆمبێلەکانی تابلۆ هەولێر (کۆدی 22) و سزاکانی خستە سەر ئەپڵیکەیشنی فەرمی حکومەت KRDPass ، کە لە لایەن فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاری DIT پەرەپێدراوە، و تابلۆی هاتوچۆکانی دیکەی سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە لە ئایندەی نزیک زیاد دەکرێن.
هاووڵاتی سەرەتا پێویستە وەشانی نوێی ئەپڵیکەیشنی ناوبراو دابەزێنێ (ئەپدەیت بکات) و پاشان لە بەشی خزمەتگوزاری بژاردەی ئۆتۆمبێلەکانم زیاد دەبێت. لەو بەشە داتاکانی ئۆتۆمبێلەکەت زیاد بکە و هەر سەرپێچییەکی هاتوچۆ بکەیت لەو بەشە زیاد دەکرێت.
ئامانجی سەرەکی ئەم خزمەتگوزارییە ئەوەیە کە شوفێر سزاکانی خۆی ببینی و خۆی لە سەرپێچی زیاتر بپارێزێ لە پێناوی سەلامەتی گیانی و خۆپاراستن لە سزای دارایی.
لە ئایندەدا شوفێر دەتوانێت هەر لەو رێگایەوە سزا داراییەکان بە ئەلیکترۆنی پاکتاو بکات.
راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان