کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕیفۆرمی پۆلیس بەڕێوەچوو
ڕۆژی دووشەممە ١٢ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، لە بارەگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێم، بە بەشداریی هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و ئامادەبوونی لیوای مافپەروەر تارق ئەحمەد ئیبراهیم، سەرۆکی لیژنەی ڕیفۆرمی پۆلیس و ڕۆندک فارس، بەڕێوەبەری ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن، ئەندامانی لیژنە و بەڕێوەبەرانی پۆلیسی پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆکان و عەمید سامان حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی باکوور و ڕۆژاوا له وڵاتی هۆڵەندا، کە بەشێوەی ئۆنلاین بەشدار بوو، کۆبوونەوەی فراوانی لیژنەی باڵای ڕیفۆرمی پۆلیسی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەکەدا بەڕێوەچوونی هەنگاوەکانی پرۆسەی ڕیفۆرم لە ڕیزەکانی پۆلیسی کوردستان، گفتوگۆی لەبارەوە کرا و جەخت لە بەردەوامیی ڕاهێنان و پێگەیاندنی زیاتری ئەفسەران و کارمەندانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کرایەوە لە سەرانسەری کوردستان و ئامادەکردنیان بۆ قۆناغی داهاتوو کە هاوتەریب بێت لەگەڵ پلان و بەرنامەکانی پرۆسەی ڕیفۆرم لە ڕیزەکانی پۆلیس.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەنگاو و پلان و بەرنامەکانی داهاتووی پرۆسەکە و خێراترکردنی خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
پرۆژەی ڕیفۆرمی پۆلیسی کوردستان، پرۆژەیەکی نیشتمانیی وەزارەتی ناوخۆیە لە سەرانسەری کوردستان و ئامانج لێی داڕشتنی ستراتیژی نوێ و ڕێکخستنەوەی پەیکەر و کاری پۆلیسە بە ستانداردێکی سەردەمیانە.