Skip to the content

کۆمپانیاکانی دیلیڤەری پابەند دەکرێن بە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ

ڕۆژی پێنجشەممە ٨ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، بە سەرپەرشتیی هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و بە ئامادەبوونی عەمید ئارام بورهان، بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگەی هەولێر و نوێنەری کۆمپانیاکانی گەیاندن (دیلیڤەری)، بەمەبەستی بەدواداچوونی پابەندبوونی کۆمپانیاکان بە یاسا و ڕێنماییەکان و بەدواداچوونی ڕێکخستنەوەی کارەکانیان کۆبوونەوەیەک ئەنجام درا.

لە کۆبوونەوەکەدا کۆمپانیاکانی گەیاندن دوایین ئاماری ڕێکخستنەوەی کارەکانیان و ئاستی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانیان خستەڕوو کە بە نووسراوی ژمارە (٥٧٠٦) لە ڕێکەوتی ١٣ی شوباتی ٢٠٢٥، لە وەزارەتی ناوخۆوە بۆیان ڕەوانە کراوە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەری گشتیی دیوان جەختی لەسەر جێبەجێکردنی تەواوی ڕێنماییەکان کردەوە، هاوکات ئەوەشی ڕاگەیاند: لەمەودوا هەر کۆمپانیایەک پابەندی ئەم ڕێنماییانە نەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت و توشی سزای یاسایی و پێبژاردن دەبێتەوە.

جێگەی خۆشحاڵییە کە بەشی هەرەزۆری ماتۆڕسکیلەکانی گواستنەوەی خواردن لە ئێستادا تۆمارکراون و شوفێرەکانیان بوونەتە خاوەنی مۆڵەتی شوفێری و پابەندی یاسا و ڕێساکانن. ئەوانەش کە پابەند نین، فەرمان کرا کە پۆلیسی هاتوچۆ ڕێوشوێنی یاساییان بەرانبەر بگرێتە بەر.