وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی: ڕووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵی بووینه‌ته‌وه و چاكسازیمان ئه‌نجام داوه
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- له دوو ساڵی ته‌مه‌نی كابینه‌ی نۆیەمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كێك بووه له‌و وه‌زاره‌تانه‌ی چاكسازیی گه‌وره‌ی له بوارى کارگێڕی ئه‌نجام داوه، ئه‌وه‌ش به‌شێكه له كارنامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه ئه‌نجامدانی چاكسازیی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆتین له هه‌موو وهزرهتهكان ده‌گرێته‌وه.
جێبه‌جێكردنی كارنامه‌ی حكومه‌ت:
سه‌باره‌ت به جێبه‌جێكردنی كارنامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كوێستان محه‌مه‌د، وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی گوتی: له ماوه‌ی دوو ساڵی كاركردنمان له كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه گشتییه‌كان، هه‌وڵمان داوه كارنامه‌ی حكومه‌ت، تایبه‌ت به وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی جێبه‌جێ بكه‌ین كه خۆی له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كار و ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌شه‌پێدانی كه‌رتی تایبه‌ت و بێكاری و مافی كرێكاران ده‌بینێته‌وه.
باسیشی لەوە کرد: له ڕێگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی كار و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیی و ڕاهێنانی پیشه‌یی و هۆبه‌ی سه‌لامەتی و ته‌ندروستی پیشه‌یی، توانیومانه كار له‌سه‌ر ده‌سته‌به‌ركردنی مافی كرێكاران بكه‌ین. به به‌رده‌وامی لیژنه‌مان هه‌یه كه سه‌ردانی شوێنی كاركردنی كرێكاره‌كان و كۆمپانیاكان ده‌كه‌ن، هه‌ر كرێكارێكیش مافی پێشێل كرابێت لێكۆڵینه‌وه ئه‌نجام ده‌ده‌ین. له ماوه‌ی ڕابردوو، به هۆی خراپمامهڵهكردن له‌گه‌ڵ كرێكاران و پێشێلكردنی مافه‌كانیان، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه؛ چه‌ند كۆمپانیایه‌ك دراونه‌ته دادگا.
كوێستان محه‌مه‌د، وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌باره‌ی به‌رزكردنه‌وه و گه‌شه‌پێدانی ئاستی كرێكاران، گوتی: له ڕێگه‌ی سه‌نته‌ره‌كانی ڕاهێنانی پیشه‌ییه‌وه چه‌ندین خولمان بۆ گه‌نجانی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ته‌وه بۆئه‌وه‌ی فێری پیشه‌یان بكه‌ین، هه‌روه‌ها له رێی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه چه‌ندین كارمان كردووه بۆئه‌وه‌ی ده‌سته‌به‌ری مافی كرێكاران بكه‌ین، به‌تایبه‌ت بۆئه‌وه‌ی له داهاتوودا خانه‌نشین بكرێن. داهاتی سندوقی كرێكاران زیاد كراوه، هه‌روه‌ها ژماره‌ی كرێكاری ده‌سته‌به‌ركراو به به‌راورد به ساڵانی پێشوو زیاتر بووه، كه ئه‌مانه هه‌مووی له خزمه‌تی كرێكاران دایه و مافه‌كانیان دابین ده‌كات.
دۆسیه‌ی كه‌مئه‌ندامان:
سه‌باره‌ت به پێداچوونه‌وه به دۆسیه‌ی كه‌مئه‌ندامان، وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، گوتی: هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه گشتییه‌كان كار له‌سه‌ر دۆسیه‌ی كه‌مئه‌ندامان ده‌كه‌ن. ئه‌و كه‌مئه‌ندامانه‌ی كۆچی دواییان كردووه یان له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان یان به ئه‌نقه‌ست خۆیان كردووه‌ته كه‌مئه‌ندام، ڕۆژانه ناوه‌كانیان له لیستی كه‌مئه‌ندامان ده‌سڕێته‌وه و به پێی یاسای ساڵی ٢٠١١ى كه‌مئه‌ندامان، پێویسته كه‌مئه‌ندام ناسنامه‌ی تایبه‌ت به كه‌مئه‌ندامانی هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی كار و مامه‌ڵه‌كانیان له ڕێی ئه‌م ناسنامه‌یه جێبه‌جێ بكه‌ن. له ئێسته‌دا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه گشتییه‌كانی وه‌زاره‌ت، سه‌رقاڵی دروستكردنی ناسنامه‌یه‌كی ناوه‌ندین بۆ سه‌رجه‌م كه‌مئه‌ندامان. له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌م، به ڕەزامهندی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، مووچه‌ی ١٥ هه‌زار كه‌مئه‌ندامان گه‌ڕێندرایه‌وه، كه پێشتر به ناڕەوایی بڕدرابوون.
کوێستان محەمەد باسى لە پێشتر له چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی گشتیی یان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌مئه‌ندامان، مووچه دابه‌ش ده‌كرا، ئێستا دابه‌شكردنی مووچه گواستراوه‌ته‌وه بۆ بانكه‌كان، جگه له ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین و گوتیشی "كه ده‌ستبه‌كاربووم له هه‌ندێك شوێن گه‌نده‌ڵی ده‌كرا، له هه‌ڵه‌بجه بڕی یه‌ك ملیار دیناری پاره‌ی كه‌مئه‌ندامان دیار نه‌بوو، دواتر توانیمان ئه‌و پاره‌یه بۆ وه‌زاره‌تی دارایی بگه‌ڕێنینه‌وه و مووچه‌ی كه‌مئه‌ندامان بۆ بانكه‌كان بگوازینه‌وه".
خزمه‌تكردنی هاووڵاتییان:
له هه‌موو ئه‌و چینوتوێژانهی سه‌ر به وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تین، كاری جددی و گه‌وره كراوه، بۆئه‌وه‌ی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م به شێوازێك جێبه‌جێ بكرێت له ئاستی خزمه‌تكردنی ئه‌و توێژانه‌دا بێت.
وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، گوتی: له خانه‌كان، توانراوه به به‌رده‌وامی هه‌موو پێداویستییه‌كان دابین بكرێت، له‌كاتێكدا كه كه‌ره‌نتینه و قه‌یران هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌وه ڕێگر نه‌بووه له دابینكردنی پێداویستی بۆ خانه‌كانی منداڵان و به‌ساڵاچووان و به بڕیاری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ده‌ستمان كردووه به نۆژەنكردنهوهی چاكسازی هه‌ولێر، هاوكات بڕیارمان له سه‌رۆكی حكومه‌ت وه‌رگرتووه بۆ دروستكردنی ٦ چاكسازی بۆ ژنان و نه‌وجه‌وانان.
ئه‌نجامدانی چاكسازیی:
یه‌كێك له‌و بنه‌ما سه‌ره‌كییانه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می له‌سه‌ر دامه‌زراوه، بریتییه له پرسی چاكسازیی و ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی توانیویه‌تی له ئاستێكی به‌رزدا ڕووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵی ببێته‌وه و چاكسازیی ئه‌نجام بدات.
وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، گوتی: به پێی یاسای چاكسازیی له مووچه و خانه‌نشینی فه‌رمانبه‌ران، پێداچوونه‌وه‌ی ته‌واومان بۆ سه‌رجه‌م دۆسیه‌كانی فه‌رمانبه‌ران كردووه. بۆئه‌وه‌ی هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك به ناشایسته‌یی پله‌كه‌ی به‌رز كرابێته‌وه یان ده‌رماڵه‌یه‌كی بۆ به‌سترا بێت، وه‌كوو فه‌رمانبه‌ره‌كانی دیكه‌ی لێ بكرێت.
یه‌كێكی تر له چاكسازییه‌كانی وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، ئاڵوگۆڕپێكردنی به‌رپرسی به‌شه‌كان بووه، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و گه‌نده‌ڵی و ناڕێكییانهی هه‌یه، چاره‌سه‌ر بكرێن. كوێستان محه‌ممه‌د، گوتی: له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی، چاكسازیی و گۆڕانكاریمان له هه‌ندێك له به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان كردووه و توانیومانه ئه‌و ناڕێكی و گه‌نده‌ڵییه‌ی كه پێشتر هه‌بووه بنبڕیان بكه‌ین. به‌ساڵاچووانیش پێشتر له خانه‌كانی به‌ساڵاچووان له‌گه‌ڵ په‌ككه‌وته‌كان به‌یه‌كه‌وه ده‌مانه‌وه، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری نه‌رێنی كردبووه سه‌ر ژیانی به‌ساڵاچووان، له ئێسته‌دا له یه‌كتری جیا كرداونهتهوه.
له‌باره‌ی به منداڵانی په‌رته‌وازه، وه‌زیری كار و كاروبای كۆمه‌ڵایه‌تی، ڕایگه‌یاند: ئه‌و منداڵانه‌ی له‌سه‌ر جاده و شه‌قامه‌كان بوون، پێشتر به بڕیاری دادگا بۆ خانه‌كانی وه‌زاره‌ت ده‌هێندران، ئه‌و منداڵانه له‌به‌رئه‌وه‌ی په‌رته‌وازه بوون و نه‌خوێنده‌وار بوون و په‌روه‌رده نه‌كرابوون، كاریگه‌ری نه‌رێنیان له‌سه‌ر منداڵه‌كانی دیكه هه‌بوو، بۆیه ئێسته له سلێمانی و دهۆك، خانه‌ی په‌رته‌وازه‌مان دروست كردووه، ئه‌و منداڵانه راسته‌وخۆ ده‌به‌ینه ئه‌و خانانه‌ی تایبه‌تن به خانه‌ی په‌رته‌وازه.
كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆتین:
كارێكی گرینگ كه كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به گشتیی و وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی كردوویه‌تی و له كارنامه‌ی حكومه‌ت باس كراوه و به‌رده‌وام له كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كرێته‌وه، بریتییه له نه‌هێشتنی ڕۆتین و كارئاسانیكردن بۆ هاووڵاتییان و به‌ڕێوه‌چوونی مامه‌ڵه‌كانیان به شێوه‌یه‌كی زۆر خێرا.
كوێستان محه‌ممه‌د، وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، گوتی: توانیومانه ڕۆتین تا ئاستێكی باش بنبڕ بكه‌ین، هه‌ر هاووڵاتییه‌ك مامه‌ڵه‌ی له دیوانی وه‌زاره‌ت یان له دیوانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان یان له‌هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بێت، زۆر به خێرایی به‌ڕێوه ده‌چێت.
وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، ڕایگه‌یاند: كارێكی دیكه‌ی گرینگی كابینه‌ی نۆیه‌م ئه‌وه‌یه، به‌رده‌وام جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرێته‌وه، ئه‌م حكومه‌ته ده‌بێت حكومه‌تی هاووڵاتییان بێت، پێویستیشه وه‌زیره‌كان له‌نێو خه‌ڵكدا بن، بۆیه ئێمه به به‌رده‌وام له‌نێو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه گشتییه‌كانی وه‌زاره‌ت و له‌نێو هاووڵاتییانین، بۆئه‌وه‌ی له نزیكه‌وه گوێمان له كێشه و داواكارییه‌كانیان هه‌بێت و به‌دواداچوون بۆ كێشه و داواكارییه‌كانیان بكه‌ین و له سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه گشتیی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی دیكه‌ی وه‌زاره‌تمان، سندوقی سكاڵا داندراوه. ئه‌م سندوقه له دیوانی وه‌زاره‌ت له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پشكنینه‌وه چاودێری ده‌كرێت، به سێ مانگ جارێك سندوقه‌كه ده‌كرێته‌وه و سكاڵای هاووڵاتییان و فه‌رمانبه‌ران وه‌رده‌گرێت و پاشان كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.