Skip to the content

وەزارەتى کار ئەو چالاکییانەى بڵاو کردەوە کە لەم کابینەیە لە بەرژەوەندى کرێکاران ئەنجامیان داون

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) ـ کوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئەمڕۆ پەیامێکى ئاراستەى چینى کرێکاران کرد بە بۆنەى ١ى ئایار ڕۆژى جیهانى کرێکاران و دواى پیرۆزبایی، چەندین کار و چالاکى و هەوڵدانى وەزارەتەکەى لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ خزمەت و لە بەرژەوەندى کرێکاران بڵاو کردووەتەوە کە لێرەدا دەیانخەینە ڕوو:

 

١. ئامادەكردنی ڕەشنووسی یاسای كار كە ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیرانە، تا ببێتە زامنی پاراستن و فراوانكردنی مافی كرێكاران.

٢. ئامادەكردنی ڕەشنووسی هەمواری یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی كە ئێستا لە (مجلس شورای)یە، بە جۆرێك لەگەڵ بارودۆخی ئێستاو داهاتووی كوردستان گونجاوتر بێت و مافی زیاتر بۆ كریكاران بە تایبەتی و خانەنشینان بە گشتی دابین بكات.

٣. چالاككردنی لێژنەكانی بەدواداچوون بۆ دەستەبەری كرێكاران، تا بتوانرێت هەموو كرێكاران دەستەبەر بكرێن و مافەكانیان پارێزراو بێت.

٤. كاراكردنی لێژنەكانی بەڕێوەبەرایەتی كار بۆ زیاتر بەدواداچوونی مافی كرێكاران و نەهیشتنی ئەو پێشێلكاریانەی بەرامبەریان دەكرێت.

٥. لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ چالاككردنی هۆبەی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی (الصحة والسلامة المهنیة)، تا ژیانی كرێكاران لە كاتی كاركردن پارێزراو و دوور بن لە بەركەوتەی ترسناك.

٦. هەڵمەتی نیشتمانیمان بەردەوام بووە بۆ هۆشیاركردنەوەی كرێكاران لە هەردوو بواری دەستەبەر و سەلامەتى پیشەیی (الصحة و السلامة المهنیة)كە هەردووكیان لە بەرژەوەندی كرێكارانە.

٧. هێڵی گەرمی وەزارەت (بە ژمارە ٥٥٠٠) ی تایبەت بە كرێكارانى نێوخۆ و بیانی بۆ ئەوەی هەمیشە بە ئاسانترین شێوە و دوور لە ڕۆتین لە پەیوەندیدا بین لەگەڵ سەرجەم كرێكاران تا بتوانن خێرا و ڕاستەوخۆ لە پرسیار و گازاندە و پێشێلكارییەكان ئاگادارمان بکەنەوە.

٨. بەردەوامیی خزمەتگوزاری لە بنكەكانی مەشق و ڕاهێنانی پیشەیی و خولی بەردەوام لە ئەكادیمیای سویدی بە گوێرەی پێداویستی بازاڕ، بۆ ئامادەكردنی دەستی كاری پێویست و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ ئەوانەى ناویان لە وەزارەت تۆمار كردووە و هەوڵدان بۆ ڕەخساندنی زۆرترین دەرفەتی كار لە رێگای جەختكردنەوە لە خاوەن كۆمپانیاكان و پێدانی قەرزی بچووك بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتری كاركردن.

٩. هەماهه‌نگی لەگەڵ سەرجەم ڕێكخراوە ناوخۆیی و بیانییەكان بۆ هەر شتێك كە خزمەت بە بواری مەشق و ڕاهێنانی پیشەیی بکات و كرێكارن ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ سوودی لێ ببینن.

١٠. داكۆكی زیاتر لە كۆمپانیاكان و خاوەن كارەكان بۆ زیاتر بە دەمەوەهاتنی كرێكاران بە گشتی و كرێكاری ئافرەت بە تایبەتی.

١١. كاركردنی تەواو لەسەر بابەتی كرێكاری بیانی و دەستی ئیشكەر لە دەرەوەی هەرێم، لە هەردوو تەوه‌ری: بەدواداچوونی باری ژیان و پاراستنی مافەكانیان لەلایەك، هەروەها سنوورداركردنی هێنانی كرێكاری بیانی بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەتی كاری زیاتر بۆ دەستی ئیشكەری ناوخۆیی و كرێكاری خۆماڵی.