Skip to the content

وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی: تا نەمانى پەتاى کۆڕۆنا پێویستە نازى کرێکاران و بنەماڵەکانیان هەڵگرین

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) ـ به‌ بۆنه‌ی ١ی ئایار ساڵڕۆژی جیهانیی كرێكاران، کوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە پەیامێکدا بڵاوى کردەوە کە ئەمساڵ لەبەر ئەو بارودۆخە تەندروستییە ناهەموارە ناتوانن وەك پێویست یادی كرێكاران بكەنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوه‌ش وەك نەریتێكی هەمیشەییان ئەم ڕۆژە لە سەرجەم كرێكارانی جیهان بە گشتی و كرێكارانی كوردستان بە تایبەتی پیرۆز دەكەین.

 

لە پەیامەکەى وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیدا هاتووە "ئەم بارودۆخەی لە كوردستاندا پێیدا تێدەپەڕین بارودۆخێكی نائاساییە لە سەرجەم بوارەكانی تەندروستی و دارایی بە تایبەتی و رامیاری ناوەكی و دەرەكی بە گشتی، بەڵام خۆشبەختانە خەریكە رۆژە زۆر تاڵ و تاریكەكان رۆژ لە دوای رۆژ بەسەر دەچن و بە هیواین لە رۆژانێكی نزیكدا خۆشگوزەرانی بۆ ئەم گەلە بگەڕێتەوە".

کوێستان محەمەد لە درێژەى پەیامەکەیدا باس لەوە دەکات کە تا کۆتایی ئاساییبوونەوەى دۆخى هەرێم و نەمانى کۆڕۆنا "پێویستە نازی كریكار و هەژار و نەدار و بێنازانی ئەم كوردستانەمان ڕابگرین و بە نزیكوونەوەى جەژن پێویستە سەرمایەدار و خاوەنكار و كۆمپانیاكان زیاتر هاوکارى كرێكاران و خانەوادەکانیان بن و خەرجی و قورسی ژیانی ئەم چینەیان هەمیشە لەبەرچاو بێت.

هەروەها وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى لە نێو چینى كرێكاران سەرەنج دەخاتە سەر کرێکارانى ژن و دەڵێت: دەبێت ڕێزی كرێكارانی ئافرەت و ژنانی كۆڵنه‌دەر بگرین و كاركردن و گرتنەئەستۆى ئەركی ماڵەوەیان بە چاوی ڕێز تەماشا بكەین" و "هەرگیز نابێت هیچ خاوەنكارێك ژیانی سەختی ئەو خوشك و دایكانە لەبەرچاو نەگرێت كە هەم ڕۆڵی كابانی ماڵ و هەم پەیداكەری بژێوی خێزانیانن و پەنجەی هەر خاتوونێكی كرێكار شایستەی ماچكردن و رێزگرتنە و ئێمەش وەك وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی خزمەتی ئەم چینە كەمناز و ماندوونەناسە بە ئەركی سەرەكی خۆمان دەزانین و بە شانازییەوە هەموو هەوڵێكمان دەخەینە كار بۆ زیاترخزمەتكردنیان لە ڕووی چەندایەتی و جۆرییەوە".

وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى لە پەیامەکەى چەندین کار و هەوڵى وەزارەتەکەى بڵاو کردووەتەوە کە لە ماوەى ڕابردوو کاریان لەسەرى کردووە بۆ بەرژەوەندى چینى کرێکاران کە لە ماڵپەڕى فەرمى حکومەت بڵاو کراوەتەوە.