Skip to the content

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەشداری لە مەراسمێکی تایبەت بە ڕۆڵی شێڵتەرەکان کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-‏‎ ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بە ئامادەبوونی ڕیتا کۆڵومبیا، نوێنەری سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان UNFPA لە عێراق و بەرێوەبەرانی شێڵتەرەکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک و گەرمیان لە دیوانی وەزارەت، بەشداری لە ڕێوڕەسمی دەستاودەستکردنی ڕێنمایی و رێکارەکانی کارکردنی ستاندەرSOP بۆ بەرێوەبردنی شێلتەری کاتی بۆ ڕزگاربووانی توندوتیژیی جێندەری GBV لە عێراق کرد.

سەرەتای مەراسیمەکە بە گوتەی کوێستان محەممەد دەستیپێکرد و تێیدا باسی لە ڕۆڵی شێڵتەرەکان کرد لە خزمەتیان بەرامبەر بە ژنان و سوپاسی UNFPA کرد کە لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا ھاوکار و ھەماھەنگ بوون بۆ پێشکەشکردنی ھاوکاری بە شێڵتەرەکان و ھیوای خواست بەردەوام بن.

پاشان خاتوو ڕیتا گوتەیەکی بە نوێنەرایەتیی UNFPA پێشکەش کرد و سوپاسی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کرد کە ھەمیشە بەدەم کێشە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەچن و ھەماھەنگیی تەواویان بۆ خزمەت بەو ژنانە هەیە کە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە. دواتر باس لە پاکێجەکانی شێلتەرەکان و ڕێکارە یاساییەکان کرا.

لە کۆتاییدا کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، سوپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش بە خاتوو ڕیتا کرد و دەستاودەستکردنی ڕێنماییەکان لە نێوان خاتوو کوێستان و خاتوو ریتا کراو کۆتایی بە مەراسیمەکە ھات.