هەردوو وەزارەتی کاری هەرێم و عێراق یاداشتێكی لێکتێگەیشتنیان واژوو کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-هەردوو وەزارەتی کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێم و عێراق لە ڕێوڕەسمێکدا، یاداشتی لێکتێگەیشتن و پڕۆژەی سیاسەتى پشکنینى کار و سیاسەتى رێکارەکانى سەلامەتى و تەندرووستیی پیشەییان پەسەند کرد.
ڕێورەسمەکە رۆژی یەکشەممە، ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، لە دیوانى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیی عێراق، بە ئامادەبوونى هەردوو وەزیرانى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى لە عێراق و هەرێمى کوردستان، بەڕێوەچوو.
سیاسەتى پشکنینى کار و سیاسەتى رێکارەکانى سەلامەتى و تەندرووستیی پیشەیی، دەرئەنجامى پڕۆژەى "پتەوکردنى حوکمڕانى و پشکنینى کار و بارودۆخى کارکردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى پەتاى کۆڤید-١٩"یە، کە ڕێکخراوى (ILO) بە سپۆنسەریی وەزارەتەکانى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى و پاڵپشتیی دارایى یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق و کوردستان ئەنجامدراوە.
لەم پڕۆژەیەدا بە هەماهەنگى و گفتوگۆکردن لەگەڵ هاوبەشەکان وەکوو خاوەنکاران و سەندیکاکانى کرێکاران، سیاسەتێکى پراکتیکى بۆ دانانى ئەرک و بنەما گشتییەکانى پشکنینى کار و دانانى هەندێک سیستەم و پێوەرى نوێ بۆ بەدواداچوون و سەردانەکانى شوێنى کارکردن کە پێویستە هەموو مەرجەکانى تەندرووستى و سەلامەتىی پیشەیی لەخۆ بگرێت گیراوەتەبەر.
هەر لە میانی ڕێورەسمەکەدا، کوێستان محەمەد، وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیی هەرێمى کوردستان پیرۆزبایى لە وەزیری کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیی عێراق کرد بە بۆنەی دەستبەکاربونییەوە و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا؛ دواتر لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان هەردوولادا، جەخت لەسەر بەردەوامبوون و پەرەپێدانى هەماهەنگیی نێوان هەردوولا لە سێکتەرە جیاوازەکانى پەیوەست بە کار و چالاکییەکانى هەردوو وەزارەت کرایەوە.
هاوکات ئاماژە بە دۆسییە هەڵواسراوەکانى نێوان هەردوو وەزارەت کرا و بڕیاریان دا لیژنەیەکى هەماهەنگیی بەردەوام لە نێوان هەردوو وەزارەتدا دروست بکەن، بۆ دۆزینەوەى چارەسەرى هاوبەش و چالاککردنەوەى کارى لیژنەکانى پێشووتر.