سەنتەرێکی ئۆتیزم و شیاندنی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە هەڵەبجە كرایەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و پارێزگاری هەڵەبجە و جێگری پارێزگار و كەسانی حکوومی و حیزبی و بنەماڵەی شێخ عەلی شێخ عیزەدین، بینای سەنتەری ئۆتیزم و شیاندنی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە مەراسیمێکی تایبەتدا لە هەڵەبجە کرایەوە و ڕادەستی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و بەڕێوبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەڵەبجە كرا.
ئەم بینایە کە لەلایەن خێرخوازی شارەکە شێخ عەلی شێخ عیزەدینەوە درووستکراوە، بەشێوازێکی ئەندازیاریی جوان و ستاندارد کاری لەسەر کراوە، هەموو کەلوپەل و پێداویستییەکانی لەلایەن ناوبراوەوە دابینکراوە کە تێیدا خزمەت بە خاوەن پێداویستیی تایبەت دەکرێت، بەشێوەیەک بەپێی جۆرو ڕێژەی خاوەن پێداویستییە تایبەتیەکان ژووری ئامێری تایبەت بە ڕاهێنانیان بۆ دابینکراوە.
ئەم بینایە دەبێتە یەکێک لەبینا باشەکانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە کوردستان کە بەوشێوەیە تایبەتە درووستکرابێت و سەرجەم پێداویستییەکانی خاوەن پێداویستیی تایبەتی لەخۆ گرتبێت.