بۆ خزمەتی زیاتر وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان هەماهەنگیی زیاتر دەکەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، کوێستان محەمەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، بە ئامادەبوونی زەکیە سەید ساڵح، لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە بەرەڤان حەمدی بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان و حاکم ئەیمەن لە دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان کرد.
لە دانیشتنەکەدا باس لە پتەوکردنی هەماهەنگیی نێوان ھەردوو وەزارەت بە گشتی و بواری لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکانی پەیوەست بە قوربانیانی شەڕی داعش بە تایبەتی کرا.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان بەهۆی تێکەڵاوی ئەرک و بەرپرسیارەتییەکانیان، پێویستیان بە هاوکاری و هەماهەنگییەکی باش هەیە. بۆ ئەم مەبەستەش هەردووک وەزارەت بۆ خزمەتی زیاتری چین و توێژەکان و کەسوکاری ئەنفالکراو و شەهیدان، لە هەماهەنگیی زیاتردان.