وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ردانی دیوانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی چاكسازیی كۆمه‌ڵایه‌تی كرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی یهكشهمم رێکەوتی ٤ی ئەلوولی ٢٠٢٢، كوێستان محمد وه‌زیری كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، سه‌ردانی دیوانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی چاكسازی كرد و له‌لایه‌ن ئیحسان عەبدولرحمان سلێمان به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی چاكسازیی كۆمه‌ڵایه‌تی و یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كارگێری و خۆیه‌تی و به‌ڕێوه‌به‌رانی سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی چاكسازیی گه‌وران و ژنان و منداڵان (هه‌ولێر، سلێمانی, دهۆك) پێشوازی لێ کرا.
وه‌زیری كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی به‌رێوه‌به‌ری گشتی له بینای نوێی دیوانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی، پیرۆزبایی خۆی ئاراسته‌ی به‌رپرسی به‌ش و هۆبه و ستافی كارمه‌ندانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی چاكسازی كرد و له‌هه‌مان كاتیش‌دا هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواستن له به‌ره‌وپێشچوونی ئیش و كاره‌كان و هاوكات له جێبه‌جێكردنی پلان و به‌رنامه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی و سه‌رخستنی پڕۆسه‌ی چاكسازی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له هه‌رێمی كوردستان.