وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا لە هاوکاریدا دەبن
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، کوێستان محەمە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە ئۆلیڤێر دیکۆتینیە کونسوڵی فەڕەنسا لە
هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا کە فوئاد سدیق ڕاوێژکاری وەزارەتی کار ئامادەی بوو، جەخت لە هەماهەنگی و برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرایەوە؛ بەتایبەتیش لە ڕێگای هەردوو وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی کاری حکوومەتی فەڕەنسا.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێم، تیشکی خستە سەر کار و چالاکییەکانی وەزارەت و هەنگاوەکانیان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان، هاوکات بەردەوامیی هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولای بە گرنگ ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجیان خزمەتکردنی خەڵکە.
کونسوڵی فەڕەنسا پشتگیریی خۆی بۆ کار و هەنگاوەکانی وەزارەتی کار دووپاتکردەوە و ئامادەییی خۆیانی بۆ هەموو هاوکارییەک دەربڕی.
لە بەرانبەردا وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی پێشنیاری کرد شێوازی هاوکارییەکە دەستنیشان بکرێت و بۆ تاووتوێکردن و کاری پێویست پڕۆژەیەک لەو بارەیەوە ئاراستەی کونسوڵخانەی ناوبراو بکرێت.