وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و کونسوڵی دەوڵەتی ئیمارات هاوکارییەکان پەرە پێدەدەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە رێکەوتی ٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، كوێستان محەمەد عەبدولڵا وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە ئامادەبوونی فوئاد سدیق راوێژكاری وەزارەت، پێشوازی لە
ئەحمەد ئیبراهیم سەعید كونسوڵی گشتیی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو کرد.
سەرەتا وەزیر خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەو هاوكاری و هەماهەنگییەی كۆنسوڵی ئیمارات دەربڕی لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و هاوكات داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای كرد لەسەر ئاستی وەزارەتی كار و كاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێم و وەزارەتی كاری ئیماراتی.
كونسوڵی ئیمارات جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە دەوڵەتی ئیمارات هاوكاریی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان دەکات، چونكە وەزارەتەکە خزمەتگوزارییە و پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە خاوەنپێداویستیی تایبەت و منداڵی بێسەرپەرشت و بەساڵاچووان و شەڵتەرەکانەوە هەیە.
هەروەها كونسوڵی ئیمارات ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ بەستنەوە و هاوكاریی نێوان ئەو لیژنەیەی کە پێكدێت بۆ هاریكاریی وەزارەت كە بەرپرسی راستەوخۆی خاوەن پێداویستیی تایبەت و منداڵانی بێ سەرپەرشت و بەساڵاچووان و شەڵتەر و چاكسازییەكانە.