بریكاری وەزارەت پێشوازیی لە ڕێكخراوی یونسێف کرد
ڕۆژی دووشەممە، ٣ى تەممووزی ٢٠٢٣، زەكیە سەید ساڵح، بریكاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، لە دیوانی وەزارەت پێشوازیی لە ڕێكخراوی یونسێف کرد، كە پێك هاتبوون لە سامان سعوود، بەرپرسی پاراستنی كۆمەڵایەتی و هەردوو ڕاوێژكاری شارەزای بواری داتابەیسی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی.
لە سەرەتای سەردانەكە بریكاری وەزارەت سوپاسی هاریكاریی بەردەوامی یونسێفی كرد و پێی ڕاگەیاندن وەزارەت ئامادەی هەر هاریكارییەكە كە لە بەرژوەندیی خەڵك بە گشتی و بە تایبەت كەمئەندامان بێت. داواشی لە تیمی وەزارەت كرد كە هاریكاری تەواوی ئەم دوو راوێژكارە بكەن و سوود لە ئەزموونەكانیان ببینن.
لە لایەن یونسێفیشەوە سوپاسی بریكاری وەزارەت و تیمی وەزارەتیان كرد كە هەمیشە هاریكاری باش بوونە بۆ بەدەمەوەچوونی كارەكان و هیوایان خواست لەگەڵ كۆمپانیای دۆرنداسیش (كە دانەری داتابەیسی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتییە)، بتوانن ئەو پڕۆگرامەی ئێستا زیاتر پەرە پێ بدەن و بەم جۆرەش كارئاسانیی زیاتر بۆ كەمئەندامان بكرێت و خەڵكانی شایستە سوودمەندبن لە خزمەتگوزارییەكانی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی.