Skip to the content

وه‌زیری‌ كارو كاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی چاودێری‌‌ و گه‌شه‌پێدانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی سلێمانی به‌سه‌ر كرده‌وه‌

بۆ بەدواداچوونی کارەکانیان، ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ـی تەممووزی ٢٠٢٣، کوێستان محەمەد وه‌زیری‌ كارو كاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی چاودێری‌‌ و گه‌شه‌پێدانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی سلێمانی به‌سه‌ر كرده‌وه‌ و له‌ لایه‌ن بێستوون جەبار، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی بەوەکالەت پێشوازی كران.

ئامانجی‌ سه‌ردانه‌كه‌ بریتی بوو له‌ به‌دواداچوون بۆ كێشه‌ی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت و بینینه‌وه‌ی‌ هەندێك له‌ ئه‌نجامی‌ ئەو کارانەی پێیان سپێردراوە.

دواتر وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە هاوڕێیەتیی بەڕێوەبەری گشتی بەوەکالەت، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانییان کرد و ژیار جەلال، بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتی، پێشوازیی لێ کردن و ماڵەکانی منداڵانی بەسەر کردەوە و لە گرفت و کێشەکانی منداڵانی پرسییەوە و گوێبیستی بۆچوونی منداڵان و کێشەکانیان بوو.

پاشان لە کۆبوونەوەیەکدا دەستخۆشیی لە بەرپرس و کارمەندان کرد و ژمارەیەک ڕێنمایی پێویستیی پێدان و لە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ سوودمەندانی ماڵەکان ئاگاداری کردنەوە و هەروەک پێی ڕاگەیاندن کە پێویستە بە وریایی و لە منداڵانی خۆیان زیاتر گرنگی بە سوودمەندان بدرێت و گرفتەکان چارەسەر بکرێن.