Skip to the content

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سەردانی ژووری بازرگانیی سلێمانیی کرد

ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ـی تەممووزی ٢٠٢٣، کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بە هاوڕێیەتیی بێستوون جەبار، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی بەوەکالەت، سەردانی ژووری بازرگانیی سلێمانی کرد و لە لایەن سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی پێشوازی کران.

ئامانجی سەردانەکە هەماهەنگیی زیاتر بۆ بەرەوپێشچوونی پارێزگای سلێمانی و زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوەیەکی فراوان بە ئامادەبوونی سەرمایەدار و کۆمپانیاکان بۆ پاڵپشتیکردن لە سندووقی پشتیوانیی کۆمەڵایەتی بوو کە خۆی لە پشتیوانیکردن بۆ دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و ماڵەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەبینێتەوە.

لەو ڕووەوە سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی پشتیوانیی خۆی بۆ هەر پڕۆژەیەکی لەو جۆرە دەربڕی و بڕیار وایە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە سەرۆکایەتیی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، کۆبوونەوەیەک بۆ ئەو مەبەستە بکرێت.