Skip to the content

ئێوارەخوانی بەربانگ بۆ سوودمەندانی ماڵی بەساڵاچووان ڕێک خرا

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ــی ئـــــاداری ٢٠٢٤، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق، و کوێستان موحەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لەگەڵ سوودمەندانی ماڵی بەساڵاچووان لە سلێمانی بەربانگیان کردەوە.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لە نزیکەوە سڵاوی لە بەساڵاچووان کرد و پیرۆزباییی هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانی لێ کردن و پێکەوە گفتوگۆیان بۆ زانینی دۆخی ژیان و خەم و داخوازییەکانیان کرد، پاشان دیاریی تایبەتی خۆی بەخشییە بەساڵاچووانی ماڵەکە و هیوای تەندروستییەکی باش و تەمەندرێژی بۆ خواستن. پەرۆشیی خۆیشی دووپات کردەوە کە بەردەوام پشتیوانیان بێت وەک ئەرکێکی مرۆیی.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتییش خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانەکەی خانمی یەکەمی عێراق دەربڕی و سوپاسی ڕێکخستنی ئێوارەخوانەکەی لێ کرد.

کوێستان موحەمەد کارمەندانی ماڵەکانی سەر بە چاودێریی کۆمەڵایەتی بە سەربازی ون وەسف کرد کە سەرەڕای قەیرانەکان و دواکەوتنی مووچە دەستبەرداری خزمەتەکانیان نەبوون بۆ سوودمەندانی.
پاش بەسەرکردنەوەی سوودمەندان لەناو هۆڵەکاندا، لە دانیشتنێکدا ژیار جەلال، بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی گیروگرفتەکانی ماڵی بەساڵاچووانی ڕوون کردەوە و خانمی یەکەمی عێراق بڕیاری هاوکاری دا و پشتیوانی خۆی بۆ دووپات کردنەوە.