Skip to the content

نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە ئافرەتانی بەخشراو له‌ پارێزگه‌ى سلێمانى كرايه‌وه‌

ڕۆژى پێنجشه‌ممه‌ ١٦ـی ئایاری ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسانى حكوميى ده‌ڤه‌ره‌كه‌، نەخۆشخانەی دەروونيی (چرا) بۆ ئافرەتانی بەخشراوی بێلانە کرایەوە.

نەخۆشخانەکە توانای گرتنەخۆی ٢٠ حاڵەتی هەیە و تایبەتە به‌و ئافرەتانەی کە لە ئێستادا بێلانەن و نەخۆشيی دەروونيی درێژخایەنیان هەیە و لە شەقام و کۆڵانەکاندان و پێویستیيان بە جێگه‌ى مانەوە و وەرگرتنی چارەسەری دەروونی هەیە .

لە گوتەیەکدا پارێزگاری سلێمانی دەستخۆشی لە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و تەندروستی کرد، کە پشتيوانێکی گەورەی کەرتی کۆمەڵایەتی و تەندروستین، و نەخۆشخانەکەی بە دەستکەوتێکی گەورە بۆ پارێزگه‌ی سلێمانی وەسف کرد.

دواتر وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە کۆنگرەيه‌كى ڕۆژنامه‌وانيدا، سوپاسی بنەماڵەی کۆڵەک و یەکێتی ژنانی کرد، کە باڵاخانه‌كه‌يان بەخشیوە، وە لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی ٩٥ مليۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی پێداویستیيەکانی تەرخانکرا، وە هەردوو بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و تەندروستی ئەرکی سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردنی نەخۆشخانەکە لە ئەستۆ دەگرن.

کوێستان محەممەد گوتیشی: "نەخۆشخانەکە وەک یەکەمین نەخۆشخانەی تایبەت بە ژنانی بەخشراوە، لە ماوەیەکی نزیکدا لە پارێزگه‌کانی هەولێر و دهۆکیش دەیکەینەوە."
دواتر وەزیری تەندروستی لەبەردەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن گوتی: لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، کاتێک دەمانبینی بە ڕۆژ و شه‌و، ژمارەیەک ئافرەتی بەخشراو، لەسەر شەقام و کۆڵانەکان دەمانەوە، بە هاوبەشی لەگەڵ وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەم پرۆژەمان خستە بەردەم سەرۆکایەتيی ئەنجومەنی وەزیران، و بە خۆشحاڵیيەوە ڕەزامەندی درا و ٧٠ کارمەند بۆ هەر سێ پارێزگه‌کە دامەزرێندران.

نەخۆشخانەی دەروونيی چرا، سۆزێكە بۆ ئەو ئافرەتانەی تووشی نەخۆشی دەروونيی درێژخایەن بوون، لەو نەخۆشخانەیەدا، چارەسەر و خزمەتێكی بەرچاوی ئەو كەسانە دەكرێت، كە سەردانی دەكەن و چارەسەری پێویستی پزیشكی و دەروونیيان بۆ دەكرێت.