Skip to the content

دووەمین دانیشتنی سەکۆی خستنەسەرکاری گشتگیر بەڕێوەچوو

بە سەرپەرشتی زەکیە سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دووەمین دانیشتنی سەکۆی خستنەسەرکاری گشتگیر، کە لە لایەن پڕۆژەی ئاسۆی خستنەسەرکار، بۆ بەشداری ئابووری و کۆمەڵایەتیی پەنابەران و ئاوارەکان و کۆمەڵگە خانەخوێکان لە عێراق، (EPSI)ی ئاژانسی GIZ ڕێکخرا بوو؛ بە پشتیوانی تەکنیکیی ڕێکخراوی کاری جیهانیی (ILO)، لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
ناوەڕۆکی دووەمین دانیشتنی سەکۆی خستنەسەرکاری گشتگیر بە ناونیشانی "شیانەکان بۆ سیاسەتێکی بەکارخستنی گشتگیر لە هەرێمی کوردستانی عێراق" بوو؛ کە تیایدا گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی تێروتەسەل لەبارەی گرنگی و چۆنیەتیی داڕشتنی سیاسەتی داهاتووی بەکارخستنی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتگیر کرا؛ کە تیایدا ڕۆڵی و گرنگی ئافرەتان و کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و ئاوارەکان و پەنابەران ڕەنگدانەوەیان لە سیاسەتەکەدا هەبێت.
زەکیە سەید ساڵح، ئاماژەی بەوە کرد کە: "خستنەسەرکاری گشتگیر تەنها ئەرکێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکوو فاکتەرێکە بۆ بەهێزکردنی پەرەپێدانی ئابووری و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی؛ لە ڕێگەی بەکارخستنی توانا شاراوەکانی سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵگە".
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە، ئەم دانیشتنە ڕاوێژپێکردنێکی سەرەتاییە لەسەر پرسی گشتگیری، هەنگاوێکی گرنگە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە دەنگە جیاوازەکان لە سەرەتاوە گوێیان لێگیراوە؛ ئەم دانیشتنە دەربارەی خودی پڕۆسەی ڕەشنووسیکردنی سیاسەتی کار نییە.
شایەنی باسە کە سەکۆی خستنەسەرکاری گشتگیر لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە سەرپەرشتی دەکرێت؛ ئاژانسی GIZ بە پشتیوانی دارایی وەزارەتی فیدراڵی ئەڵمانیا بۆ هاریکاریی ئابووری و پەرەپێدان، (BMZ) ڕێکخەری دانیشتنەکەیە و پشتیوانی تەکنیکیش لەلایەن ڕێکخراوی کاری جیهانیی (ILO) پێشکەش دەکرێت.
چەندین وەزارەتی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان و چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و لۆکاڵی تێدا بەشدارن.