Skip to the content

وه‌زیرى پلاندانان :کار لەسەر سێکتەرى کشتوکاڵ وپیشەسازی وگەشت وگوزار دەکەین

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ 5ی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر)ی 2020، د.دارا ڕه‌شید وه‌زیرى پلاندانان لە میانی دیداری لەگەڵ هانس ئاكه‌ربوم كونسوڵى گشتی شانشینى هۆڵەندا ڕایگەیاند هه‌نگاوه‌كانى حكومه‌ت بۆ گه‌یاندنى خزمه‌تگوزاریه‌ گرنگ و پێویسته‌كان به‌رده‌وامن لەگەڵ دووپاتكردنەوەی ڕۆڵی كه‌رتى تایبه‌ت له‌جێبه‌جێ كردنى به‌شێك له‌پرۆژه‌كان به‌هاوبه‌شى و چاودێری لەگەڵ حکومەت.

هاوكات باس له‌ هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ردولاكرا وبه‌پێویست زانرا په‌ره‌ى زیاتر به‌پەیوە‌ندیه‌كان بدرێت بەشێوەیەک ڕۆڵ و ئەرکی وەزارەتی پلاندانان گرنگ و پڕ بایەخە لەدیاری کردنی کارو پرۆژەو پلانی حکومەت،هەر لەدیدارەکە جەخت لە بەهێزکردنی پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان هەر دوولاکرایەوە.

کونسوڵی گشتی هۆڵەندا لەهەرێم دووپاتی كردەوە وڵاتەكەی خوازیارە هاوکاری هەرێم بێت لەسێکتەرە جیاجیاکان بەتایبەت لە بواری کشتوکاڵ کە ئەزموون وشارەزاییەکی زۆریان هەیە و یەکێکن لەو ووڵاتانەی پێشەنگن لە پێشکەوتنەکانی بواری کشتوکاڵ، ئاماژەی بەوەش كرد ئەوان هەوڵ دەدەن پرۆژەکانیان لە هەموو ناوچەکانی كوردستان بێت بەگوێرەی خواست و پێویستی حکومەت.


وەزیری پلاندانان تیشکی خستەسەر هەنگاوەکانی حکومەت بۆ پەرەپێدانی بوارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشت و گوزار و زیاد کردنی سەرچاوەکانی دیكەی داهات.

هەروەها پاڵپشتی و ئامادەیی وەزارەتی پلاندانانی دووپاتکردەوە بۆ زیاتر ڕۆڵ بینینی شانشینی هۆڵەندا کە خاوەنی پسپۆریەکی زۆرە بەشێوەیەک سوود بەهەرێم بگەیەنن.