وەزیرى پلاندانان سەردانى ئەنجوومەنى پارێزگاى هەولێرى كرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-ئەمڕۆ دوو شەمە 23-8-2021 د.دارا رەشید وەزیرى پلاندانان سەردانى ئەنجوومەنى پارێزگاى هەولێرى كرد و لە لایەن عەلى رەشید سەرۆكى ئەنجوومەن و سەرۆكى فراكسیۆنەكان پێشوازى لێكرا"
لە كۆبوونەوەیەكدا سەرۆكى ئەنجوومەنى پارێزگاى هەولێر رۆڵى وەزیرى پلاندانانى لە جێبەجێ كردن و داڕشتنى پلانە درێژخایەن و مامناوەند و كورتخایەنەكان و هەوڵەكانى وەك ئەندامێكی كارا لە وەفدى باڵاى هەرێم بۆ بەغداد بە گرنگ وەسف كرد"
هەر لە كۆبوونەوەكە گفتوگۆ لەبارەى كێشەو گرفتەكانى ئەنجوومەنى پارێزگاكان و هەماهەنگى زیاترى نێوان وەزارەتەكان كرایەوە بە تایبەت لە دیاریكردنى پڕۆژەكان و جێبەجێ كردنیان.
لە لایەن خۆیەوە وەزیرى پلاندانان ئامادەیى تەواوى خۆى و وەزارەتى دووپاتكردەوە بۆ باشتر كردنى كارەكانیان و تیشكی خستەسەر هەنگاوەكانى حكومەت لە داڕشتنى پڕۆژە یاسایى بودجە و دیاریكردنى بودجەى پەرەپێدان و بودجەى وەزارەتەكان و وتیشى تایبەتمەندى و گرنگى دراوە بەو پڕۆژانەى كە پەیوەندى ڕاستەوخۆیان بە ژیانى ڕۆژانەى هاووڵاتیانەوە هەیە وەك ئاو و ئاوەڕۆ و كارەبا و شەقام و خزمەتگوزاریەكانى تر.
لە بەشێكى ترى كۆبوونەوەكەدا وەزیرى پلاندانان وتی :لەگەڵ دەست بەكاربوونمان لە كابینەى نۆیەم سەربارى قەیرانى دارایى و بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى كۆڕۆنا، بەڵام ئامانجمان خزمەتكردنى هاووڵاتیان و گەیاندنى پڕۆژەى خزمەتگوزاری بوو بۆ تەواوى ناوچەكانى كوردستان بەبێ جیاوازى و لە ئەركەكەى خۆشمان بەردەوام دەبین.