Skip to the content

وه‌زاره‌تى پلاندانان " راپۆرتى دینامیكیه‌تى دانیشتوانى ڕاگه‌یاند

هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق(GOV.KRD)-له‌ڕێوره‌سمێكدا ئه‌مرۆ سێ شه‌مه‌ 22-6-2021 له‌شارى هه‌ولێر به‌سه‌رپه‌رشتى د.دارا ڕه‌شید وه‌زیرى پلاندانانى حكومه‌تى هه‌رێم و به‌ئاماده‌بونى جێگرى به‌رێوه‌به‌رى جێبه‌جێ كارى سندوقى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان بۆ دانیشتوان و وه‌فدێكى یاوه‌رى و وه‌زیرانى ناوخۆ و دارایى و ته‌ندروستى وكاره‌با و په‌روه‌رده‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ بریكاران و به‌رێوه‌به‌رانى گشتى دامه‌زراوه‌كانى حكومه‌ت" راپۆرتى دینامیكیه‌تى دانیشتوانى ڕاگه‌یاندرا له‌لایه‌ن ده‌سته‌ى ئامارى سه‌ر به‌وه‌زاره‌تى پلاندانان به‌هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ سندوقى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان بۆ دانیشتوان ئاماده‌ كرابوو.
 
له‌ووته‌یه‌كدا وه‌زیرى پلاندانان ئاماژه‌ى به‌ گرنگى ده‌رئه‌نجامى راپۆرته‌كه‌كرد بۆ پێشخستن و سوود وه‌رگرتن بۆئه‌وه‌ى له‌داهاتوو وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌نداره‌كان كارى له‌سه‌ر بكه‌ن" ووتیشى هه‌رچه‌نده‌ ساڵانێكى زۆره‌ سه‌رژمێرى و رووپێوى نیشتمانى له‌عێراق و هه‌رێم ئه‌نجام نه‌دراوه‌" به‌ڵام له‌راپۆرته‌كه‌ به‌ووردى تیشكمان خستۆته‌سه‌ر ژماره‌ى پێشبینى كراوى دانیشتوان له‌نێوان ساڵانى 2020-2030-2040 و ئه‌و گۆرانكاریانه‌ى له‌ماوه‌ى ئه‌و 20 ساڵه‌ له‌گروپى ته‌مه‌نه‌كان رووده‌ده‌ن و ژماره‌ى له‌دایكبوان و مردن و كاریگه‌ری ئابورى و ته‌ندروستی و كۆمه‌ڵایه‌تى و په‌روه‌رده‌ به‌گوێره‌ى گورانكارى له‌سه‌ر قه‌باره‌ى هێزى كار بۆ گروپى ته‌مه‌نى 10 تا 64 ساڵى .
له‌به‌شێكى ترى ووته‌كه‌یدا د.دارا ڕه‌شید باسى له‌ به‌رده‌وامى كاره‌كانى ئه‌و راپۆرته‌كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێـته‌ نیشانده‌رێكى گرنگ بۆ حكومه‌تى هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌ك داتا و زانیارى و ووردبینى بۆ دارشتنى پلان و به‌رنامه‌ بۆئه‌وه‌ى له‌ساڵانى داهاتوو سوود له‌ هێزى كارى دانیشتوان و گروپى ته‌مه‌نه‌كان وه‌ربگرێت له‌ رێگه‌ی خستنه‌ سه‌ركارى ده‌ستى كارى ناوخۆى و هاندانى كه‌رتى تایبه‌ت بۆ ره‌خساندنى هه‌لى كار بۆیان.
وه‌زیرى پلاندانان ووتیشى ئاماده‌كردنى ئه‌و راپۆرته‌ له‌چوارچێوه‌ى كارى 8 ساڵێ رابردوو هاتوه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان رووبه‌رووى كۆمه‌لێك كێشه‌ و قه‌یران بۆوه‌ به‌تایبه‌ت له‌هاتنى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران تا له‌داهاتوو ئه‌زموون وسوودى لێوه‌ربگیرێت و داوتر راپۆرتى شیكارى به‌ته‌واوى داتا و زانیارى ئاراسته‌ى وه‌زاره‌ت دامه‌زاراوه‌كانى حكومه‌ت ده‌كه‌ین.