Skip to the content

کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای دیدگای هه‌رێمی كوردستان بەڕێوە چوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ٣١/٥/٢٠٢١ وبە چاودێری د.دارا ڕه‌شید مه‌حموود وەزیری پلاندانانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای دیدگای هه‌رێمی كوردستان بەڕێوە چوو که‌ لە ساڵی پارەوە وەزارەتی پلاندانان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە ڕێگەی لیژنەکانی (جێبەجیکار و باڵا) سەرقاڵی ئامادەکردنی دیدگای٢٠٣٠ـی هەرێمی کوردستانە.
ئێستا ڕەشنووسی دیدگای ٢٠٣٠ ئامادە کراوە و لە لایەن لیژنەی باڵاوە دیراسە دەکرێت تا پێشنیاز و تێبینییەکانی تێدا جێ بکرێتەوە.
ئەم ڕەشنووسە جگە لە لایەنی حکومی، هاوکات ڕێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستان تێیدا ڕۆڵیان هەبووە و ڕا و سەرنجی ئەوانیشی تێدا جێ کراوەتەوە.
بڕیار وایه‌ ڕۆژی ٢/٦/٢٠٢١ وۆرکشۆپێک بۆ دەوڵەمەندکردنی ڕەشنووسەکە ساز بكرێت، کە تێیدا زانکۆکان و کۆمەڵێک ڕێکخراو و ئاژانسی تر بەشدار دەبن.
‎ئەم دیدگایە گشتگیر دەبێت و پلان و ئامانجەکانی حکومەت بۆ دە ساڵی داهاتوو لە سێکتەرە جیاوازەکان لە خۆ دەگرێت و نەخشەڕێگای گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییەکان ڕوون دەکاتەوه‌.
‎هەبوونی دیدگایەکی ڕوونی لەم شێوەیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەرنجڕاکێشانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وەبەرهێنەرانی بیانی بە ئاڕاستەی کارکردنی زیاتر لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.