Skip to the content

وەزارەتی پلاندانان: پێدانی مۆڵەتی خوێندن بەگوێرەی پێویستیی وەزارەتەکان دەبێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-بە مەبەستی گفتوگۆکردن و تاووتوێکردنی پرسی پەسندکراوی مۆڵەتی خوێندن بە گوێرەی پسپۆڕی و پێداویستیی وەزارەتەکان، ڕۆژی سێشممە ٢ی ئابی ٢٠٢٢، هەردوو لیژنەی باڵای مۆڵەتی خوێندن لە وەزارەتەکانی پلاندانان و پەروەردە بەئامادەبوونی هەڵمەت عەبدولرزاق بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی پلاندانان و ئەحمەد گەل بەڕێوەبەری گشتیی فێرکردنی پیشەیی لە وەزارەتی پەروەردە و دارا عەزیز ڕاوێژکاری وەزارەت و د. عەبدولرەزاق محمد بەرێوەبەری گشتیی پەرەپێدانی مرۆیی کۆبوونەوە.
لەو کۆبونەوەیە گفتوگۆ لەبارەی پلانی پەسندکراوی پسپۆری و پێداویستیی وەزارەتی پەروەردە کرا، بە ئامانجی خێراکردنی پڕۆسەی دەستنیشانکردنی سوودمەندان بۆ ئەوەی بتوانرێت لە ماوەیەکی نزیکدا وەزارەتی پەروەردە سوودیان لێوەربگرێت.
ساڵانە وەزارەتی پلاندانان بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی حکوومەت داوای پسپۆریی جیاجیا بەپێی بڕوانامە و پێویستییەکانیان دەکات لە ڕێگەی خوێندن و پێدانی مۆڵەتی خوێندن لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەک پەرە بە تواناکانیان و  لێهاتوویی پیشەییان لە دامەزراوەکانی حکوومەت بدات.