Skip to the content

وەزارەتی پلاندانان سیستەمی ئەلیکترۆنی گرێبەستە گشتیەکانی خستە بواری جێبەجێکردن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، (GOV.KRD)- وەزارەتی پلاندانان سیستەمی ئەلیکترۆنی گرێبەستە گشتیەکانی خستەبواری جێبەجێ کردن و وەک قۆناغی یەکەم هەریەکە لە وەزارەتەکانی کارەبا، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێ کردن، تەندروستی، شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای هەولێر لەم سیستمەدا بەشدار دەبن.

د. دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:''لەمڕۆوە ئەم سیستمە کارایە و وەزارەتەکان دەتوانن لە قۆناغی بانگەوازی تەندەرەوە تا دەگات بە واژۆکردنی گرێبەست سودی لێ ببینن و بەکاری بهێنن.''

وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە هەموو کۆمپانیا و ئەو شوێنانەشی کرد کە دەیانەوێت لە کێبڕکێی وەرگرتن و ئەنجامدانی پڕۆژەکان لەڕێگەی ئەو سیستەمەوە خۆیان تۆمار بکەن لەماوەیەکی کەم و بە شێوازێکی زۆر ئاسان پرۆسەکانی تەندرین و دیاری کردنی گرێبەستەکان ئەنجامبدەن.

ئەو سیستەمە لە رابردوودا چەندین رۆژی پێویست بوو بۆ ئەوەی پرۆسەی تەندرین و گرێبەستی پرۆژەکان ئەنجامبدرێت، بەڵام لە ئێستادا بە ماوەیەکی زۆر کەم دەتوانرێت ئەو کارە بکرێت.

د.دارا ڕەشید راشیگەیاند:''بێگومان پشتگیریەکانی کاک مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کاک قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت لە سێ ساڵی ڕابردوودا هۆکار بوون بۆ بە جێگەیاندنی ئەو بەڵینەی لەکاتی دەست بەکاربونمان وەک وەزیری پلاندانانی دابومان لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەکانی وەزارەتمان بۆ نەهێشتنی ڕۆتین وگەندەڵی و پیادەکردنی دادپەروەری و خێرا ڕاییکردنی مامەڵەکانی گرێبەست و تەندەرین و پرۆسەکانی تری ئەو سیستەمەمان خستە کار.''

لینکی ماڵپەری سیستەمی ئەلیکترۆنی گرێبەستە گشتیەکان.

http://www.keps.digital.gov.krd/