Skip to the content

لە ڕێکخستنەوەی ڕەشنووسی یاسای کار ئەرک و مافی کرێکاران پارێزراو دەبێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دوو شەمە ٢١/٢/٢٠٢٢ د.دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەت لەگەڵ تیمی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی و بەشداریی دکتۆرە مها قطاع نوێنەری ڕێکخراوی کاری سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانس کۆبۆوە.
لەو کۆبوونەوەیە گفتوگۆ لەبارەی ڕەشنووسی یاسای کاری هەرێم کرا بۆ ئەمەش داوا لە ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی کرا بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی تەکنیکی بۆ ئه‌وه‌ی پاڵپشتی هەرێم بێت بۆ ڕێکخستنەوەی ڕەشنووسی یاسای کار و ڕێنمایی تایبەت بە کرێکاران بە ئامانجی داڕشتنی یاساکە و پاراستنی مافەکانیان.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوکە وەزیری پلاندانان ئاماژەی بە یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرد کە ماف و داخوازیەکانی کرێکاران پارێزراو دەکات لە کاتی کارکردن و خانەنشین بوونیان لە کەرتی تایبەت و پاراستن و دیاریکردنی ئەرک و مافەکانیان.
دواتر تاوتوێی داڕشتنی ڕێنمایەکانی تایبەت بە کارکردنی کرێکارانی پەنابەر کرا لەهەرێم کە بتوانرێت لەگەڵ ڕەوشی ئێستای هەرێم بێت و دڵنیایی و پارێزراوی کار و مانەوەی کرێکارانی بیانیش بێت لە هەرێمی کوردستان.