وەزیری پلاندانان: دەمانەوێت ئاستی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتان فراوانتر بکەین
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنج شەممە ١٠/٢/٢٠٢٢ د.دارا ڕەشید وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێم پێشوازی کرد لە د.عومەر ئەحمەد ئەلکەندەری کونسوڵی گشتی وڵاتی کوێت لە هەرێم.
لە دیدارێکدا باس لە پەیوەندییە ئابووری و سیاسی و بازرگانیەکانی نێوان هەرێم و وڵاتی کوێت کرا بە تایبەت چۆنیەتی پێشخستنی ئاستی هەماهەنگیەکان، بۆ ئەمەش د.دارا ڕەشید بە کونسوڵی کوێتی ڕاگەیاند هەرێمی کوردستان کارئاسانی تەواو دەکات بۆ وەبەرهێنەران و سەرمایەداران بۆ ئەوەی کێبڕکێی وەرگرتن و جێبەجێکردنی پرۆژەکان بکەن.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پلان و بەرنامەکانی وەزارەت و ڕوئیای وڵاتی کوێت لە هەرێمی کوردستان کرا لەو چوارچێوەیەش وەزیری پلاندانان ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەت و وەزارەت کرد بۆ فراوانکرنی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتان و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی پێشکەوتنەکانیان.