وەزیری پلاندانان: دادپەروەری لە داڕشتن و دیاریکردنی پڕۆژەکان پەیڕەو دەکرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-رۆژی سێ شەمە ٢٥-١-٢٠٢٢ د. دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان لەگەڵ پارێزگارەکانی سلێمانی و دهۆک و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و گەرمیان بەئامادەبونی بریکاری وەزارەت و بەرێوەبەری گشتی پڕۆژەکان لە وەزارەت کۆبووەوە.
لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەکان کرا بەتایبەت پڕۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان بۆ ساڵی ٢٠٢٢، وەزیری پلاندانان ڕایگەیاند لە دارشتن و دیاریکردنی بودجە و پڕۆژەکان وەزارەتی پلاندانان دادپەروەری پەیڕەو دەکات، بەشێوەیەک پڕۆژەکان خزمەت بە دانیشتوانی هەرێم بگەیەنێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکە د. دارا ڕەشید، داوای کرد لیستی پڕۆژەکان ئامادە بکەن بەمەرجێک پڕۆژەکان سوود بە هاووڵاتیان بگەیەنن و بەجێبەجێکردنیان لە خزمەتی دانیشتوان بن.
دواتر تاوتوێ پڕۆژەی هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت (PPP) کرا کە وەزارەتی پلاندانان سەرپەرشتی دەکات بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکان، بۆ ئەمەش داوا لە پارێزگار و ئیدارە سەربەخۆکان کرا بە گوێرەی پێویستی پرۆژەکان دیاری بکەن بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت.
پاشان پارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان راوبۆچونیان لەبارەی پڕۆژەی پەرەپێدانی پارێزگاکان پێشکەشکرد و ستایشی هەوڵەکانی وەزارەتی پلاندانانیان کرد کە بەبێ جیاوازی بودجە و پڕۆژە بەسەر پارێزگاکان دابەش دەکات.