وەزیری پلاندانان: جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە پێناو خزمەتکردنی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠/١/٢٠٢٢ لە دیوانی وەزارەت دکتۆر دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان پێشوازیی کرد لە د.ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی پلاندانان و فەرمانگەی بەدواداچونی پرۆژەکان و ڕاوێژکاری دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران.
لە کۆبوونەوەیەک کە بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی پڕۆژەکان ئامادەی بوون گفتوگۆ لەبارەی دیدگای وەزارەت و ئامادەکاریەکانی پلانی پڕۆژەکانی ئەمساڵ کرا بەتایبەت پڕۆژەکانی پارێزگاکان و وەزارەتەکان کە دواتر پێشکەشی سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت و ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت بە مەبەستی پەسندکردنیان تا لەو ڕێگەیەوە بەردەوامی بدرێت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم و خزمەتکردنی هاووڵاتیان.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکە تاوتوێی ریفۆرمی ئابووری کرا کە لە کارنامەی ئەم کابینەیە گرنگی زۆری پێدەدرێت و سێکتەرە جیاجیاکان دەگرێتەوە.
دواتر باس لە چۆنیەتی ئەنجامدانی ئامادەکردنی داتاو زانیاری و ئاماری زیاتر کرا لە هەرێم بۆ ئەوەی بتوانرێت لەبوارەکانی خزمەتکردنی هاووڵاتیان سوودی لێوەربگیرێت و هەماهەنگییەکانیش لەگەڵ ئاژانس و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پتەوتر بکرێت.