Skip to the content

وەزیری پلاندانان: دەبێت هەماهەنگی لە نێوان وەزارەت و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان هەبێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی پێنجشەممە 27/1/2022  لە دیوانی وەزارەت د. دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان لەگەڵ پارێزگارەکانی هەولێر و هەڵەبجە و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین و زاخۆ بەئامادەبوونی بریکار و بەڕێوەبەری گشتی پڕۆژەکان لە وەزارەت کۆبووەوە.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا وەزیری پلاندانان ئاماژەی بە پلان و هەنگاوەکانی وەزارەت کرد، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و کارئاسانی بۆ پارێزگا و یەکە ئیدارییەکان، گوتیشی لەم کابینەیە هەموو هەوڵێک بۆ ئەو پڕۆژانەیە کە خزمەت بە دانیشتووانی هەرێم دەکات بە تایبەت ئاو و کارەبا و ڕێگاوبان.
لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە گفتوگۆ لەبارەی تەرخانکردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان کرا بۆ ساڵی ٢٠٢٢ و جێبەجێکردن و دیاریکردنی پڕۆژەی پەرەپێدانی پارێزگاکان کرا، کە پێویستە ڕەچاوی ژمارەی دانیشتووان و پێویستی ناوچەکان بۆ پرۆژەکان بکرێت.
دواتر د. دارا ڕەشید،  رایگەیاند هەماهەنگی نێوان وەزارەتەکان و پارێزگاکان هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەردەوامیدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان کە سوود بە هاووڵاتیان بگەیەنێت.
پاشان تاوتوێی چۆنییەتی ئامادەکردنی لیستی پڕۆژەکان کرا، کە بۆ ساڵی ٢٠٢٢ لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پارێزگاکان ئەنجامدەدرێت.
لە کۆتاییشدا پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆکان ڕاوبۆچونیان لەبارەی تەرخانکردنی بودجەی پڕۆژەی پەرەپێدانی پارێزگاکان کرا بەمەبەستی خێرا جێبەجێکردنیان.