Skip to the content

وەزیری پلاندانان : هەموو هەوڵێکی حکومەت ڕەخساندنی هەلی کارە بۆ گەنجان و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگه‌کان

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-  ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی ٤ ی ته‌ممووزی ٢٠٢٢، د.دارا ڕەشید وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە مه‌راسیمی بەخشینی بڕوانامەی کۆتاییهاتنی خولی میکانیکی بۆ فێرکردن و ڕاهێنان و پەرەپێدانی لێهاتوویی تواناکانی گەنجان لەبواری ئۆتۆمبێل کەلەلایەن UNDP و کۆمپانیای تۆیۆتا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێكخرابوو ، ڕایگه‌یاند لە ڕێگەی هەمواری دوو پڕۆژە یاسا هەنگاوی زۆرباش دەنێین بۆ دەستەبەرکردنی مافی کرێکاران و هەموو ئەوانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن هەروەها دەستەبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینی کەرتی تایبەت بنەمایەکی گرنگ و هاوتەریبی کار دەبێت بەبێ جیاکاری لەناو گەنجان و لاوان.
وەزیری پلاندانانی وتیشی یەکێک لە هەنگاوەکانی حکومەت کارئاسانی و پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەتە بۆ ئەوەی گەنجان ڕوو لەکەرتی تایبەت بکەن.
د.دارا ڕەشید ڕاشیگەیاند  بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوی کاری جیهانی (ILO) دوو پڕۆژە یاسامان ئامادە کردووە ئەوانیش بریتین لە یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینی کەرتی تایبەت و یاسای کاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کە لەو ڕێگەیەوە ڕێژەی بێکاری کەمتر دەبێتەوە و خزمەتێکی گەورە بە کرێکاران و هەموو ئەوانە دەکات کە لەکەرتی تایبەت کار دەکەن تاوەکو هاوشێوەی کەرتی حکومی خانەنشین بکرێن لەچوارچێوەی دەستەبەری ماف و داخوازیەکانیان لەکەرتی تایبەت هاوشێوەی کەرتی گشتی (حکومی).