د.دارا ڕەشید : هەرێمی کوردستان دەرفەتی زێڕینی هەیە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە بەریتانیا وەفدێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارە لە کۆنفرانسی ئەنجوومەنی کاری عێراقی بەریتانی IBBC.
لەو کۆنفرانسەدا هەر یەک لە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و سەرۆکی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێم ئامادەبوون، دکتۆر دارا ڕەشید وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێم لە پانێڵێک ئاماژەی بە گرنگیی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە کرد بە ئامانجی سوود وەرگرتن لە ئەزموون و شارەزایی وەبەرهێنەرانی بەریتانی و وتیشی هەرێمی کوردستان دەرگەی کراوەیە بە ڕووی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ ئەوەی لە سێکتەرەکانی وەبەرهێنان و پیشەسازی و کشتوکاڵ و تەندروستی و بانک و پەروەردە کار بکەن و سەرمایەکانیان بخەنەکار و ئێستا حکومەت دەیەوێت هاوبەشی کەرتی تایبەت و گشتیی لە پڕۆژە ستراتیژیەکان بخاتە کار و چوارچێوە و بنەماکانی تەواو بوونە بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران و کۆمپانیا بیانیەکان و بەتایبەت بەریتانیەکان لەو بوارە کار بکەن.
وەزیری پلاندانان وتیشی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی بیانی ڕۆڵی گەورەیان هەیە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و ئاوەدانکردنەوەی هەرێم کە ٢٠٪ یان لە لایەن کۆمپانیا دەرەکییەکان بووە.
کۆنفرانسی ئەنجوومەنی کاری عێراقی بەریتانی IBBC ساڵانە بەڕێوە دەچێت بەمەبەستی ئاڵوگۆڕی زانیاریەکان و پتەوکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانیەکانی نێوان عێراق و بەریتانیا و هەرێمی کوردستان.