Skip to the content

وەزیری پلاندانان: لە داهاتوویەکی نزیکدا بە ئەلیکترۆنی کردنی گرێبەستە گشتیەکانی حکومەت رادەگەیێندرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی سێشەمە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، د.دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا(USAID) و ئێرڤ هیکس، کونسوڵی گشتی کونسڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی کار و چالاکیەکانی ئاژانسی ئەمریکا بۆ گەشەپێدان کرا و وەزیری پلاندانان ئاماژەی بە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بەتایبەت لە هەمەجۆر کردنی داهاتەکان کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت جگە لە نەوت سەرچاوەی تری داهاتی هەبێت، بەتایبەت لە سێکتەری کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و ئاماژەشی بەوەدا کە لە بوارەکانی دیکەی وەبەرهێنان و هاندانی سەرمایەداران و کۆمپانیا بیانیەکانیش هەنگاوی زۆر جدی نراوە، بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە ناوچە جیاجیاکان.
وەزیری پلاندانان ڕاشیگەیاند:''لەم کابینەیەدا پرۆژەی هاوبەشی کەرتی تایبەت و حکومیمان خستۆتەر بەرنامەی کار بۆ جێبەجێ کردنی پرۆژە ستراتیژییەکان و لە بە ئەلیکترۆنی کردنی دامەزراوەکانیش هەنگاوەکان بەردەوامن، بەشێوەیەک سیستەمی بە ئەلیکترۆنی کردنی گرێبەستە گشتیەکانی حکومەت لە وادەی ڕاگەیاندنداین.''
لەبەشێکی تری دیدارەکە باس لە رۆلی گەنجان و لاوان کرا بەتایبەت لە دۆزینەوەی هەلی کار و پشتگیری کردنیان بۆ سەپاندنی تواناکانیان لە ڕێگەی کەرتی تایبەت.