Skip to the content

سیستەمی خانەنشینی حکومی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیێندرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان(GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ئەیلولی ٢٠٢٢، لەشاری هەولێر بەئامادەبوونی کونسوڵی گشتی ئەمریکا لەهەرێم و ژمارەیەک لە بریکار و ڕاوێژکار و بەرێوەبەرانی گشتی هەردوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی، دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دامەزراندن و دەست بەکاربونی سیستەمی خانەنشینی حکومی ڕاگەیاند.

لە وتەیەکدا وەزیری پلاندانان، ئاماژەی بە هاوبەشی و هەماهەنگی نێوان وەزارەت و (USAID) و (UNDP) دا، کە چەندین پرۆژەی گرنگیان ئەنجامداوە لە بوارەکانی چاکسازی ئابوریی و هاوکاری تەکنیکی و دارایی بۆ وەزارەتە تایبەتمەندەکان بەتایبەت لەم پرۆژەیەی ئەمرۆ ڕاگەیێندرا.

دارا ڕەشید هەر لە وتەکانیدا ڕاشیگەیاند کە:'' لەم کابینەیەدا کارمان کردوە بۆ بەئەلیکترۆنی کردنی دامەزراوەکانی حکومەت، کە بە ئەلیکترۆنی کردنی سیستەمی خانەنشینی یەکێکە لە دەستکەوتە گرنگ و پربایەخەکان بەشێوەیەک لە ڕێگای ئەم سیستەمە تەواوی بەڕێوەبەرایەتیەکان بەیەکتری دەبەسترێنەوە، لەگەڵ کەم کردنەوەی ڕۆتین و خەرجی سەر ئەستۆی خانەنشینی لەکاتی خانەنشین بونی، و کەم کردنەوەی ماوەی مامەڵەی خانەنشینی، و نەهێشتنی هەڵەی ژمێریاری بۆ موچەی خانەنشینان، سەرباری ئەمانەش دەبینە خاوەنی تۆمارێکی دروستی داتا و ئاماری خانەنشینان و بەستنەوەی موچەی خانەنشینی حکومی بەبانکەکانەوە''.