Skip to the content

سیستەمی نوێی ئەلکترۆنیی گرێبەستە گشتییەکان بۆ ئاسانکاری و شەفافییەت جێبەجێ دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٥ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢، لە شاری هەولێر، لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری پلاندانان، بەئامادەبوونی زاگرۆس فەتاح بریکاری وەزارەت ۆرکشۆپێ تایبەت بە ئاشناکردنی نوێنەرانی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان بە سیستمی نوێی ئەلیکترۆنی گرێبەستە گشتییەکان بەرێوەچوو.

لە گوتەیەکدا بریکاری وەزارەت ڕایگەیاند "لە چوارچێوەی بە ئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت و هاوتەریب لەگەڵ ئەجێندا و کارنامەی کابینەی نۆیەم، وەزارەتی پلاندانان لە ٣ ساڵی ڕابردوودا کاری کردووە لەسەر دیزاین و پەرەپێدانی سیستمی ئەلیکترۆنی گرێبەستی گشتی لە هەرێمی کوردستان و لە ئێستادا سیستمەکە ئامادەیە و لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەم سیستمە بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت".

لە بەڕێوەچوونی وۆرکشۆپەکەدا سەرۆک و نوێنەری ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان ئامادەیبوون، لەو چوارچێوەیەش پوختەی دیزاین و گەشەپێدانی ئەم سیستەمە خرایەڕوو. هاوکات ناوەڕۆکی سیستەمەکە و ڕۆڵی کەرتی تایبەت لە بەکارهێنانی سیستمەکەدا بۆ ئامادەبووان شیکرایەوە.

سیستمی ئەلیکترۆنیی گرێبەستە گشتییەکان بە یەکێک لە پڕۆژە ئەلیکترۆنییە ستراتیژی و گرنگەکانی ئەم کابینەیە هەژمار دەکرێت و ڕۆڵی بەرچاوی دەبێت لە کەمکردنەوەی ڕۆتین و بەدیهێنانی شەفافیەت لە کێبڕکێی ئەو تەندەرانەدا کە لە لایەن دامەزراوەکانی حکوومەتەوە بانگهێشتی بۆ دەکرێت و کۆمپانیاکان بەشداری تێدا دەکەن.