وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ وەزیری پلاندانانی حکومەتی فیدراڵ كۆبووەوە
رۆژی دووشەمە ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، لەشاری بەغدا د.دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ د.محەمەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق و وەزیری پلاندانانی حكومەتی عێراق كۆبووەوە.
لەكۆبونەوەكە كە سیروان محەمەد، بریکاری وەزارەت و سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێم و سەرۆكی دەزگای ناوەندی ئاماری عێراق و ژمارەیەك لە راوێژكاران ئامادەیی بوون، گفتوگۆ لەبارەی ئامادەكارییەكانی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق و هەرێمی کوردستان كرا کە بریارە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی داهاتوو بەرێوەبچێت.
لەبەشێكی تری كۆبونەوەكەدا وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی کوردستان، دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان پاڵپشتی ئەو سەرژمێرییەیە کە بۆ گەشەپێدان و پێشخستنی ووڵات ئەنجام دەدرێت و دوور بێت لەمەرام و دەستوەردانی سیاسی و بەكارهێنانی وەك فشاری سیاسی بەرامبەر هەرێمی كوردستان.
لەبەرامبەردا وەزیری پلاندانانی حکومەتی فیدراڵی ڕایگەیاند ئەم سەرژمێرییە دوورخراوەتەوە لەكاریگەری سیاسی و فاكتەرێكی گرنگیش دەبێت بۆ پەرەپێدانی وڵات و گەیاندنی خزمەتگوزاری.
دواتر د.دارا ڕەشید، ئاماژەی بە گرنگی پرۆسەی سەرژمێری كرد لەتەواوی عێراق و هەرێمی كوردستان كە لەسەر بنەمای خواست و ئەو پلانە بێت كە لەنێوان هەردوولادا هەنگاوی بۆ نراوە و هەموو ئەو گرفت و كەموكوڕیانەش چارەسەر بكرێن كە دێنە بەردەم سەرخستنی پرۆسەكە.