Skip to the content

دواى 27 ساڵ بڕياره‌ مانگى تشرينى دووه‌مى ئه‌مساڵ سه‌رژمێريى گشتيى دانيشتووان له‌ عێراق بكرێت

ڕۆژى سێشەممە، ١٤ــی ئایاری ٢٠٢٤، دەستەی باڵای سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی كوردستان و عێراق، بۆ تاووتوێكردنی دوایین ئامادەكارییەكانی سەرژمێریی گشتی، بە سەرۆکایەتيی د. دارا ڕەشید محمود، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە بەشداریی بریکاری وەزارەت و سەرۆکی دەستەی گشتيى ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری و دەستەی ئامار و دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، وەزارەتی پێشمەرگە، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، پارێزگه‌كانی هەرێم و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆكان، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی كرد.

لە کۆبوونەوەکە وەزیری پلاندانان بەوردی باسی لە هەنگاوەکانی ئامادەکاريی بەڕێوەچوونی سەرژمێريی گشتی کرد، بە تایبەت ئەو کۆبوونەوە و دیدارانەی لەگەڵ حکومەتی عێراق كراون.

د. دارا ڕەشید گوتی: پێداگريی هەرێم بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێریيەکی سەرکەوتوو، ئەوەیە ئەنجامەکانی لە بەرژەوەنديی گشتيی دانیشتوانی عێراق و هەرێم بێت، بەبێ جیاوازی و هيچ مەبەستێکی سیاسی لەدوا نەبێت.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکە، گفتوگۆ لەبارەی میکانیزمەکانی کاری داهاتووی ئەو ليژنەیە کرا، کە لەسەر ئاستی باڵا پێکهێندراوە، بە تایبەت لە هەماهەنگی و کاراسانی بۆ دەستەی ئاماری هەرێم.

شايانى باسه‌ دواى ٢٧ ساڵ، بڕياره‌ مانگى تشرينى دووه‌مى ئه‌مساڵ، سه‌رژمێريى گشتيى دانيشتووان له‌ عێراق بكرێت.

وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان