Skip to the content

وه‌زيرى پلاندانان: كوردانى ناوچه‌ كوردستانييه‌كان مێژوويه‌کی ديكه‌ى شانازی و سەرکەوتنیان بۆ خۆیان و نه‌ته‌وه‌كه‌يان تۆمارکرد

بەیانی ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠ى تشرينى دووه‌مى ٢٠٢٤، د. دارا ڕه‌شید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانی کرد و لەلایەن سیروان محه‌مه‌د، بریکاری وەزارەتی پلاندانان و سەرۆکی دەستەی ئامار و سەرۆکبەش و فەرمانبەرانه‌وه‌ پێشوازی لێ کرا.
وەزیری پلاندانان کارەکانی ئامادەکاری بۆ سەرژمێری بەسەر کردەوە، بە تایبەتی ژووری عەمه‌لیاتی سەرژمێری و سەنتەری پەیوەندیيەکان، کە بە ماوەیەکی کەم، بە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر تواندرا ئەم سەنتەر و ژووری عەمەلیاتە دروست بکرێت، کە ئامانج لێى بەدواداچوونە لەسەر تەواوی پرۆسەکە، لە هەنگاوی دەستپێکەوە تاکوو کۆتایی.
لە چوارچێوەی سەردانەکەدا دارا ڕەشید دەستخۆشی لە فەرمانبەرانی دەستەی ئامار كرد، کە توانیویانە لەگەڵ کۆمپانیای جێ بەجێ کار، لە ماوەیەکى کەمدا، ئەم کارە گرنگ و پڕبایەخە، بۆ خزمەتی پرۆسەی سەرژمێری تەواو بکەن، هەروەها جەختی لەسەر بەڕێوه‌بردنی کارەکان بەباشترین شێواز كرده‌وه‌. هەر بەم مەبەستە، دەستخۆشی لە دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان كر، کە توانیویەتی لەم ماوە کورتەدا، بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوه‌بەرایەتيیەکانی ئامارى پارێزگه‌کان و ئیدارە سەربەخۆکان دەست بە ڕاهێنانی بژمێرەکان بكه‌ن و ئامادەیان بکەن بۆ دەستکردن بە پرۆسەی سەرژمێری، لە کاتێکدا بە بەراود لەگەڵ حکومەتی فيدراڵ، درەنگتر ئەم پرۆسەیە لە هەرێمى كوردستان دەستی پێ کرد. وێڕای ئەمەش دەستخۆشی لە سەرجەم دەزگه‌کانی ڕاگەیاندن، میدیاکاران و ڕۆژنامەنووسان کرد،کە ڕۆڵی باشیان هەبووە لە سەرخستنی پرۆسەی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیيەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
هه‌روه‌ها وه‌زيرى پلاندانان دەستخۆشی و پێزانینيشی بۆ خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان دەربڕی و ڕايگەیاند: ئەو خەڵکە ڕەسنە کوردبوونی خۆیان سەلماند و مێژوويه‌کی ديكه‌ى شانازی و سەرکەوتنیان بۆ خۆیان و نه‌ته‌وه‌كه‌يان تۆمارکرد.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی پلاندانان
چوارشەممە ٢٠ى تشرينى دووه‌مى ٢٠٢٤